ناس کورد-
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند، دژە تیرۆر "بە سیناریۆى پۆپجی لە کەدار ناکرێت"، هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەى ململانێ ئەمنییەکانى لەگەڵ پارتى دواى رووداوەکانى ئەم دواییە کە هێشتا چارەسەرنەکراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێگەى فەرمى زمانحاڵى یەکێتى لە سەروتارى خۆیدا نوسیویەتى "شەڕەکانی داکۆکی لە هەولێر و مەخمور و کۆی شەڕەکانی دژی داعش لە تۆماری نەمراندا ئیمزا و میدالی ئیفتیخارە بۆ ناسین و ناساندنەوە پێویستیان بە تەزکییەی کەس نییە و بەهیچ سینارێیەکی پۆپجی لە کەدار ناکرێت".
دەقى سەروتارەکە:
دژە تیرۆر دامەزراوەیەکی جێی شانازی نەک هەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزی سەربازی کوردستانە، بەڵکو جێی باوەڕ و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشە.
لەوەتەی ئەم دامەزراوەیە کەوتۆتە خزمەتی گشتییەوە هەم لە بەرەنگاری تیرۆر و تیرۆرستان، هەم لە بەرەنگاری دوژمنانی رەنگ و رووی جیاوازی کوردایەتیشدا دەورێکی باڵای گێڕاوە، ئەم دژەتیرۆرە باسکی بەهێزی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی کوردستانە و لە شێنەیی و پشووی خەباتیدا هەمیشە هێزی داکۆکییە لە کوردەواری، لە کۆمەڵانی خەڵک و لە خزمەتگوزاریی گشتیدا وەک هەر هێزێکی سەربازی پرۆفیشناڵی وڵاتانی سەنگین کار و کۆششی بەکەڵک ئەنجام دەدا. دژە تیرۆر و فەرماندە و ئەفسەرە گیانبازەکانی سەنگیان لە ئاستی عیراق و شەڕی بەرەنگاری تیرۆری نێودەوڵەتیشدا ناسراو و بەرچاوە.
دژەتیرۆر لەوەتەی هاتۆتە کۆڕی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە وەک هێزێکی گەنج، نوێ و بە ورە دەوری لە نوێکردنەوەی توانای هێزەکانی کوردستان گێڕاوەو بۆتە دەستەمایەیەکی سەربازی بۆ بزووتنەوەی سیاسیمان
ئەم دامەزراوەیە لە زۆر نەبەردی و وێستگەی گرنگدا لاوازی و کەوتن و هەڵهاتنی هێزی تریشی داپۆشیوە و لە جێی هێزە قەبەکانی ناوی پیرۆزی بەرەنگاری تیرۆریان هەڵگرتووە و لە کرداردا هیچیان پێ نەکراوە و لە مەیدانی گیانبازیدا رایان کردووە و لە مەیدانی دەسکەوت و خۆ گیفکردنەوەی بەردەم کامێراکاندا بە سێڵفی و بە پارەداری و کەشوفشی خۆیان کردۆتە شەریکی قوربانیدانی دژەتیرۆری یەکێتی.
شەڕەکانی داکۆکی لە هەولێر و مەخمور و کۆی شەڕەکانی دژی داعش لە تۆماری نەمراندا ئیمزا و میدالی ئیفتیخارە بۆ ناسین و ناساندنەوە پێویستیان بە تەزکییەی کەس نییە و بەهیچ سینارێیەکی پۆپجی لە کەدار ناکرێت هەر وەکو سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانیش وتی؛ فەرماندەکانی یەکێتی بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە، یەکێتییەکان شانازی بە شەهیدبوونیانەوە دەکەن لەپێناو کوردستان نەک راکردن و هەڵهاتن لە مەترسییەکان !
هێزەکانی دژەتیرۆر بە خوێن و فرمێسک و مەشەقەتی زۆر رەوایەتی و شەرعیەت و دەوریان پەیدا کردووە و کەس خێریان پێ ناکات.
نەمری بۆ شەهیدانی دژە تیرۆر و سەربەرزی بۆ تێکۆشەرانی ئەم دەزگایەی شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ پاراستنی هێمنی و ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و بۆ پارێزگاری لە ئازادی کوردستان.