ناس کورد-
پاش دوومانگ لە تیرۆرکردنی م. شەماڵ، نوسەر و فەرمانبەر و کادیری تەڤگەری ئازادی لە قەزای کفری، ئاسایشی قەزاکە ئاشکرای دەکات برایەکی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە دەستگیرکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هیوا عەلی، بەڕێوبەری ئاسایشی کفری، بە رادیۆی دەنگی وت "پاش گۆڕانکارییکردن لە کەیسی کوشتنی (سهێل خورشید) ناسراو بە (م. شەماڵ) بە گۆڕینی ماددە یاساییەکەی لە ٤۰٦ـی یاسای سزادانەوە بۆ ماددەی ٢ـی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە".
وتیشی "لە ئێستادا برایەکی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە (بکوژەکە) دەستگیر کراوە، کە گومان دەکرێت لەکاتی ئەو کردەیەدا هاوکاری براکەی کردبێت بە چاودێرییکردن لەرێگەی ئۆتۆمبیلەکەیەوە".
بەڕێوبەری ئاسایشی کفری ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک کەسی دیکە دەرکراوە کە یەکێک لەوانە برایەکی دیکەیانە. ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی م. شەماڵ دانشتوی پارێزگای کەرکوکە.
نیوەڕۆی رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهێل خورشید عەزیز، لەدایکبوی ١٩٦٠ و فەرمانبەر لە کشتوکاڵی کفری، کە هاوکات کادیری تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە بو و نوسەر و لێکۆڵەری بواری مێژو و جوگرافیای گەرمیان و کەرکوک بوو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە کفری بە دەستڕێژی گولە کوژرا.