ناس کورد-
ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەیەوێت لە سلێمانی بارەگایەک بکاتەوە و درێژە بە کاروبارەکانی بدات، بافڵ تاڵەبانیش پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و ڕایگەیاند، سلێمانی شاری هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 22-10-2022> بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئەدھەم بارزانی، کەسایەتی سیاسی و سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، لە دیدارێکدا کە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێم ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی، دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کرا لەپێناو پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد.
ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا ئەدھەم بارزانی نیگەرانیی خۆی بۆ شەهیدبوونی نەقیب زوبێر و برینداربوونی فەرماندە ئاکام عومەر و ژمارەیەک هاوسەنگەری دەربڕی و ئامانجی سەردانەکەشی بۆ سلێمانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، "دەمەوێت لە سلێمانی بارەگایەک بکەمەوە و درێژە بە کاروبارەکانم بدەم."
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەدهەم بارزانیی کرد و ڕایگەیاند، "پاڵپشتی ئەم هەنگاوە نوێیەتان دەکەین و سلێمانی شاری هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزوێنەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و دیموکراسییەی سلێمانییە و هیچ کەسێک لەم شارە میوان نییە، بەڵکو ماڵی هەموو کوردێکە، بە درێژایی مێژوو سلێمانی لانکەی بیری سیاسیی جیاواز بووە و تاکڕەوی رەتکردووەتەوە، ئەمەش باوەڕی سەرۆک مام جەلال بووە و ئێمەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە نیشتمانییە دەبین."