گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

هۆشداری دەدرێت؛ ژیانی هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە مەترسیدایە

2022.10.22 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشداری دەدرێت؛ ژیانی هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە مەترسیدایە

ناس کورد- 

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی ژیانی هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە مەترسیدایە و دەڵێت، "ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت هەموو ماڵێکی هەرێم نەخۆشێکی شێرپەنجەی دەبێت." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە پەیامێکدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (شەممە 22-10-2022) ڕایگەیاند، "دوای بەدواداچوونێکی زۆر بۆم دەرکەوت کە ڕۆژانە ئەو گازوایلەی لە هەرێم هەیە لە پاڵاوگە فەرمییەکانەوە بە نایاسایی دەبرێتە دەرەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش قسەم کردووە و ئەوانیش دەڵێن، بە نایاسایی دەڕوات." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرامبەر ئەوەدا، ڕۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر نەوتی سپی تێکەڵ بە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبێل و بە چەند مادەیەکی دیکەی پترۆکیمیایی دەکرێت و مادەیەکی لێ دروست دەکرێت بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان، بەکاردەهێنرێت لە جێگەی گازوایل." 

 

دەشڵێت، "ئەو مادەیە ئۆکسیدەکانی کاربۆن و گۆگردی بەڕێژەیەکی زۆر مەترسیدار تێدایە، جگە لەوەش لەگەڵ چەندین کەسی پسپۆڕ نمونەی ئەو مادەیەمان لە ناوچە جیاوازەکان وەرگرت و بردمانە تورکیا بۆ پشکنین، وتیان کە بەهیچ شێوەیەک نابێت بەکاربهێنرێت." 

 

بەوتەی عەلەی حەمەسالح، لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، "ئەو مادەیە لە هەر ناوچەیەک بسوتێنرێت و بەکاربهێنرێت وەک ئەوە وایە کە ژەهر بچێت بە قوڕگی خەڵکدا." 

 

بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2020، لە نەخۆشخانەی هیوا ڕۆژانە 12 حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراون، بەڵام لەئێستادا ڕۆژانە 40 حاڵەت تۆماردەکرێت، عەلی حەمەساڵح، دەڵێت، پسپۆڕەکان دەڵێن، "ئەگەر ئەم دۆخە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت لە دوو ساڵی داهاتوودا ڕۆژانە 100 حاڵەت تۆماربکرێت." 

 

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان دەشڵێت، "ئەو مادانە ناوچەی کاشێ لە دهۆک، لە گۆڕەپانە نایاساییەکانی هەولێر و ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی تێکەڵ دەکرێن و دەدرێن بە مۆلیدەکان و ئۆتۆمبێل، هەربۆیە لەئێستادا پشکنینی هەموو گازوایلی مۆلیدەکان ڕاگیراوە، چونکە لە پشکنین دەرناچن." 

 

عەلی حەمەساڵح، پەیامەکەی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات و دەڵێت، "ئێمە یەک بڕیاری ئێوەمان دەوێت، ئەویش ئەوەیە کە ڕێگە نەدرێت گازوایل بچێتەدەرەوە و لە ناوخۆدا بەکاربهێنرێت، ئیتر ئەو ژەهرە ناکرێت بە قوڕگی خەڵکدا و نرخی نەوتی سپیش هەرزان دەبێت."