ناس کورد-
ڕێکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بەناوی ڕامین فاتیحی خەڵکی سنە کە 10 ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شار سنە ڕفێندرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە (شەممە 22-10-2022) دوێنێ هەینی، ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامینیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.
یەکێک لە کە نزیکەکانی ئەو خێزانە، ڕایگەیاندووە، "ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە کەسوکارەکەیان وتووە کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە".
ئەمڕۆ شەممە، مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئێران، ڕامین لەگەڵ برایەکی و خوشکێکی بەناوەکانی وریا و ڕادا، لە 14ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، لەدوای گیان لەدەستدانی ڕامین، چارەنوسی خوشک و براکەشی نادیارە.