ناس کورد-
ئاژانسی هەواڵیی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی وتووێژی لەگەڵ ملیاردێر ئیلۆن مەسک کرد سەبارەت بە دانانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی سەتەلایتی ستارلینک لە ئێران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسە هەواڵییەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە کە ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانە بوون دەڵێت، کۆشکی سپی سەرنج دەخاتە سەر خزمەتگوزاری ئینتەرنێت کە بە ستارلینک ناودەبرێت وەک ڕێگایەک بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێرانییەکان بە ئینتەرنێت و دەربازبوونیان لە سنوردارکردنی ئینتەرنێت لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.
زیاتر بزانە: ئیلۆن مەسک ئینتەرنێتی ئازاد بۆ ئێران چالاک دەکات
حکومەتی ئێران دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە دوای مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئەو وڵاتە دەستگیرکرا، بە توندی دەستی بە کەمکردنەوە و سنوردارکردنی ئینتەرنێت کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند “ ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو شتێک بکەین کە لە تواناماندا بێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئاواتەکانی گەلی ئێران."
ئاماژەی بەوەشکرد کە بەڕاستی ئەمە بزووتنەوەیەکی ئێرانییە کە بە پێشەنگی کچانی گەنج بەرپا بووە و هەموو چینەکانی دیکەی کۆمەڵگای گرتۆتەوە. ئەو بەرپرسە، گوتیشی "ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت بزووتنەوەکەیان و تەڤگەرەکەیان ڕێگەی لێبگیرێت."