ناس کورد-
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی نەقیب، زوهێر محەمەد، بەخاکسپێردرا و لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی ڕایگەیاند، " بەتوندترین شێوە تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەهید و بریندارەکان دەکەینەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ 20ی ئۆکتۆبەری 2022 لە شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەربازی و فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانەکان و خزم و هاوڕێ و دۆستان، تەرمی شەهیدی دەستی تیرۆر، فەرماندە نەقیب (زوهێر محەمەد) لە ناو ئاپۆرای خەڵکی بەشەرەفی شاری کەرکوک بەخاکسپێردرا.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، بەناوی بەڕێوبەری گشتی و فەرماندە و سەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگە و کارمەندانی دژەتیرۆر، پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدی دەستی تیرۆر نەقیب (زوهێر محەمەد) دەکەن، لە خودای گەورە داواکارین دواین ناخۆشی خانەوادە بەڕێزەکەیان بێت و شیفای بەخێر و خێرا بۆ برینداری برایانمان لە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بنێرێت.
بەڵێن بە خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان و شەهیدانی دەستی تیرۆر دەدەین، بەتوندترین شێوە تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنیان دەکەینەوە و هیچکات شەهید بوون و برینداربوون نەیوەستاندووین لەسەر ئەو ئەرکە پیرۆزەی بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان گرتوومانەتە ئەستۆ.
بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر