ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دابەشکردنى پۆستەکانى حکومەتى نوێی عێراق بەپێی خاڵ دەبێت و پشکى کورد 20-22% دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڤیان سەبری (18-10-2022) بۆ رادیۆى رووداو وتى "دابەشکردنی پۆستەکان بەگوێرەی خاڵ دەبێت، بۆنموونە: سەرۆکایەتیی کۆمار 30 خاڵ و جێگر 25 خاڵ و وەزیر 20 خاڵ. بەگوێرەی پێگەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، پشکی کورد لە پۆستەکاندا 20٪ تاوەکو 22٪ دەبێت".
وتیشى "سودانی پێشتر بەڵێنی دابوو لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتە کابینەکەی ئامادەبێت بۆ متمانەپێدانی لە لایەن پەرلەمانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە پەرلەمان چ رۆژێک متمانە بە کابینەکەی دەدات، چونکە دەبێت پیشتر دانیشتنێکی پەرلەمان بکرێت و کارنامەی حکومەت بخوێندرێتەوە، دواتر دەنگ لەسەر وەزیرەکان بدرێت".
بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کارنامەی حکومەتەکەی، سودانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاشکرایکرد، ڕۆژی شەممە وادەی دەنگدانە لەسەر حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی.
هاوپەیمانێتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا "كە تەرخانكرابوو بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەت، لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، بەڕێز محەمەد حەلبوسی."
دەشڵێت، "تاوتوێی دوایین پێشهاته سیاسییەکان وڵات و پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کرا."
هاوپەیمانیەتییەکە داوای لە پەرلەمان کرد ڕۆژی شەممە کۆبوونەوە بکات بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی سودانی.