ناس کورد-
ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند کە ساڵى 2018 هاوڵاتییەکى لەشەقامى سالم کوشتووە و پلانى بۆ کوشتنى کەسێکى تر داناوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى ئاسایش، ئەو تۆمەتبارە دواى کوشتنى هاوڵاتییەک هەڵهاتووە بۆ تورکیا و ئێران، رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ بە قاچاغ گەڕاوەتەوە سلێمانی و پیلانى داناوە بۆ کوشتنی ھاوڵاتی ( ب ، ئ ).
دەقى راگەیەنراوەکە:
رۆژی ٩ / ٤ / ٢٠١٨ ھاوڵاتی (جەزا ئەحمەد سەعید ) لەلایەن تاوانبار ( ئیدریس ئیبراھیم صابر كەریم ) لەبەردەم تەلاری سالم لە شەقامی سالم لە شارى سليمانى بەچەکی جۆری دەمانچە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لەدەست ھێزە ئەمنییەکان ھەڵدێت بۆ وڵاتی تورکیا، لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرتی ڕزگاری بەپێی مادەی ( ٤٠٦ ) لەیاسای سزادانی عیراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.
سەرەڕای خۆبەدەستەوەنەدانی و ھەڵھاتنی لە یاسا و پەند وەرنەگرتنی لە تاوانەکەی، بە مەرامی ئەنجامدانی تاوانێکی تری کوشتن بە پاسپۆرتێکی ساختەی عیراقی خۆی دەگەیەنێتە کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ بە قاچاغ دەگەڕێتەوە سلێمانی و پیلان دادەنێت بۆ کوشتنی ھاوڵاتی ( ب ، ئ ) .
پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەم کەیسە ھێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، پاش ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە بڕیاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تاوانبار خرایە ژێر چاودێری و لە رۆژی ١٤ / ١٠ /٢٠٢٢ لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی تر دەچێتە بەردەم دوکانی کەسی مەبەست بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی بەڵام لەلایەن ھێزەکانمانەوە دەستگیرکرا سەرەڕای ئەوەی روبەڕووی تیمەکەی ئاسایش بوووە ، سەرئەنجام قۆڵبەستکراو لەگەڵ تۆمەتبارانی تری پەیوەست بەم ڕووداوە رادەستی یاسا کرا تا ئەم کەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی