ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاوەری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وەک یەکەم وەفد سەردانی د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراقیان کرد لە کۆشکی سەلام.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی (دووشەممە 17-10-2022) لەدیدارێکدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن لە ئەرکە نوێکەیدا، هەموو پشتیوانی و هەماهەنگییەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ سەرۆک کۆماری عیراق دووپاتکردەوە لەپێناو پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و هەنگاونان بە ئاڕاستەی رێبازی مام جەلال کە خۆی لە تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان دەبینێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵبژاردنی د. لەتیف رەشید وەک چوارەمین سەرۆکک ۆماری کورد لە مێژووی عیراقدا، شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەوڵەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا بەردەوام دەبین تاوەکو پارێزگاری لە پێگەی کورد بکەین و هەروەها کاربکەین بۆ خزمەتکردن و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو گەلانی عیراق."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " باوەڕی تەواومان بە دەستوور و هاوبەشیی راستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ئەرکی حکومەتی نوێیە بە پشتبەستن بەبنەمای نیشتمانی و یەکسانی خزمەتی هەموو تاکەکانی وڵات بکات بەبێ جیاوازی و هەنگاوی گەورە بنێت لە رووبەڕووبوونەوە و دژایەتی گەندەڵیدا."