ناس کورد-
بهڕێوهبهرى پێشووی ئاژانسى پاراستنى پارتى لهبارهى ڕوداوهكانى 16ى ئۆكتۆبهرهوه قسهى جیاواز دهكات و دەڵێت، "ئەگەر لەسەر شێوازی ڕابڕدوو بەردەوامبین، بێگومان هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی ئاڵهنگاریی و هەڕەشەی ڕاستەقینە دەکەینەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەزهەت حالی، بهڕێوهبهرى پێشووی ئاژانسى پاراستنى پارتى لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی ڕایگەیاند، "ڕووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر، ڕووداوێکی زۆر ناخۆش و پڕ لە زیان بوو بۆ گەلی کورد، وەکو هەموو ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکان ئەو ڕووداوەش لە بۆشایی دروست نەبوو و چەندین هۆکاری لە پشتەوە بوون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " پێم وایە لە هەموو هۆکارەکان گرنتر لاوازی دامەزراوە نیشتمانییەکانی کوردستان بوو لە هەمبەر دامەزراوە حزبییەکان، لەو کاتدا و بە داخەوە لە ئێستاشدا هێشتا دامەزراوە نیشتمانییەکان لاوازن و ئامانجە نیشتمانییەکانمان لەبەر ڕکابەری و ئامانجە حزبییەکان لێ ون بوون، ئەوەندی خەریکی یەکتر شکاندن و تاوانبار کردنی یەکترین، خەریکی بەهێز کردنی هەرێم نین."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەروەها نەمانتوانیوە بە بابەتیانە و بە زانستیانە لەو ڕووداوە بکۆڵینەوە و بە دروستی شی بکەینەوە و لە هۆکارەکانی ڕوودانی بکۆلینەوە بۆ ئەوەی ڕی بگرین لە دووبارە بوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە لە داهاتوو."
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختیکردووەتەوە، " ئەگەر لەسەر شێوازی ڕابڕدوو بەردەوام بین بێگومان هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئالنگاری و هەڕەشەی ڕاستەقینە دەکەینەوە کە ڕەنگە سەقامگیری و بوونی هەرێم بکەوێتە بەر مەترسی، هەر بۆیە یەکگرتووی و وریای پێویستە و دەبێت دامەزراوە نیشتمانییەکان بە دروستی و بە کردەیی نیشتمانی بن."