گه‌ڕان

Shadow Shadow

بیروڕا

تیرۆری سیاسی لە سەردەمی تەکنۆلۆجیای دیپ فەیک لە کوردستان

2022.10.14 - 15:12

ساڕێژ سامان

ناس بیروڕا-

قۆناغی دوای کوژرانی لیوا موراد کانی کوردەیی و عەقید هاوکار رەسووڵ لە دوو تاوانی گوماناویدا لە رانیە و هەولێر، دەبێتە جیاکەرەوەی سەردەمێکی نوێ لە مێژووی تیرۆری سیاسی کوردستاندا. ئەم دوو رووداوە بە دیاریکراوی پێماندەڵێن لەمەودوا دەکرێ بتکوژن و نەشزانی بکوژەکە کێیە. ئەوەی سەردەمەکە مەترسیدارتر دەکات پێشکەوتنی هەواڵگری و تەکنۆلۆجیە کە هاوکاری هێزە سیاسی و سەربازییەکان دەکات بۆ ئەوەی رووداوی ساختە دروست بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە رابردوودا بکوژانی رۆژنامەنووسانی وەک سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن و ئەوانی دیکە ئەگەرچی دەستگیرنەدەکران و نەدەدرانە دادگاش بەڵام بە ئاسانی دەناسرانەوە و دەزانرا کێیان لەپشتە. بەڵام پێشکەوتنی بواری تەکنۆلۆژی و هەواڵگری لەم چەند ساڵەی رابردوودا وایکردوە دروستکردنی سیناریۆ ئاسان بێت و هەرگیز نەزانرێ بکوژ بۆ کوژرا و کێ کوشتی.


کانی کوردەیی و هاوکار رەسوڵ چەندین ساڵ لە ریزی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، ئەگەر خوێنی کەسانی وەک ئەوان هەر وا بڕوات و نەزانرێ چۆن و بۆچی کوژران، ئەبێت لەمەودوا دۆخی رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و دەنگە ناڕازییەکان چی بەسەر بێت! زۆر بە ئاسانی بە لکاندنی بۆمبێک بە ئۆتۆمبیلی کەسێکەوە و دواتر سڕینەوەی کامێراکانی چاودێری کە لەژێر هەژمونی دوو حیزبی دەسەڵاتدایە، دەتوانرێ دۆسییەکان بەلاڕێداببرێن و نەزانرێ بکوژ کێییە هەر وەک چۆن روودانی گیانلەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەممەد و منداڵەکەیان بە تەمومژواوی مایەوە و نەزانرا بە دیاریکراوی چی روویداوە.


لە رووداوی کوشتنیش مەترسیدارتر ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئاسانکاری تەکنۆلۆجی دەتوانن تەنانەت وێنە و ڤیدیۆی فەیک و ساختەش دروستبکەن و خەڵکی بێتاوان لە تاوانی گەورەوە بئاڵێنن. بۆ نموونە پێشکەوتنەکانی بواری دیپ-فەیک کە بوارێکی نوێی ساختەکردنی ڤیدیۆیە، کارئاسانی زۆر گەورە دەکات بۆ ئەوەی هێزێک بتوانێ کەسێکی بێتاوان لە تاوانێک کە نەیکردوە، بگلێنێت. ئەوەی گرفتەکەش قوڵتر دەکاتەوە لە کوردستان ئەوەیە کە دادگاکانیش لەژێر هەژمونی حزبە دەسەڵاتدارەکاندان کە دەتوانن بڕیاری دڵخوای خۆیان بە دادوەرەکان دەربکەن.


هەر بۆیە دەکرێ رۆژنامەنوسێک یان دەنگێکی ئازاد و ناڕازی بکرێتە ئامانج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و هەر خۆسیان بەڵگەی ساختە دژی هاووڵاتییەک دروستبکەن و بڵێن تاوانەکە ئەو کەسە ئەنجامی داوە. ئەگەر ئەمە لەو ڵاتانە رووبدات کە یاسا سەروەرە ئەوا کەسە بێتاوانەکە لەڕێگەی سەربەخۆیی دادگاوە دەتوانێ بێتاوانی خۆی بسەلمینێت بەڵام لەو وڵاتانەی کە دادگاش لەژێر دەسەڵاتی سیاسی و هێزە ئەمنییەکاندایە ئەو دەرفەتەش نییە. زیندانیانی بادینان باشترین نمونەن بۆ ئەم دۆخە، چونکە هەموو ئەوانەی لە دادگا ئامادەبوون و راپۆرتە نێودەڵەوتییەکانی وەک هیومان رایتس ۆوچ و ئەمنتی ئینتەناشناڵ دەڵێن بەڵگەکان ساختە و دروستکراون، بەڵام ئەوانە هیچ بڕیاری دادوەری نەگۆڕی بەوەی سزانی زیندانیان بەسەردا بسەپێنێت.


ئەم دیاردەیە لە هەندێک وڵاتی نادیموکراتی دیکەی جیهانیش هەیە و لەبرەودایە وەک رووسیا و ئێران و چەندین وڵاتی دیکەش کە سیستەمی سیاسی تێیاندا دیموکراتی نییە. بەڵام دابەشبوونی سیاسی و ململانێی دوو حزبی دەسەڵات و وڵاتەکانی ناوچەکەش لە کوردستان دۆخێکی تایبەتی دروستکردوە کە بە بڕوای من دەبێتە هۆکاری ئەوەی چەند ساڵی داهاتوو رووداوەکانی تیرۆری سیاسی و کوشتنی بەئەنقەست لە کوردستان زۆر زیاتر ببن.