ناس کورد-
هۆکارەکانی جەنگ و گرژیو ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتان و زیادبوونی کرێی گواستنەوە بوونەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوکار جەوهەر، بازرگانی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی بە ڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت، “نرخی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەی کڕینو فرۆشتن زۆر خاوەو کەمن، بازاڕ زۆر لاوازە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دروستکردووە”.
وتیشی، “لەئێستادا نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بۆ جۆرێک ئۆتۆمبێل هەیە هەزار دۆلار بەرزبۆتەوە، هەیە سێ هەزار دۆلار بەرزبۆتەوە، بۆنمونە پارساڵ ئەم کاتانە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی مۆدێل 2021 بەنرخی 12 هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هەمان ئۆتۆمبێل هەمان مۆدێل بووە بە 13 هەزارو 500 دۆلار، ئۆتۆمبێلی توێتا کامری ئەمریکی بەراورد بەپارساڵ 2500 دۆلار تا 3000 دۆلار گرانبووە، نیسان ئەڵتیما 1000 دۆلار گرانتر بووە”.
دەربارەی هۆکاری گرانبونی نرخی ئۆتۆمبێل، هاوکار وتی، “هۆکاری جەنگی ڕوسیاو ئۆکراینا بۆتە هۆی کەمبونەوەی ئاسن، بەهۆیەوە کارگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل نرخیان لەسەر گران بووەو کەمتر ئوتومبێل دروست دەکەنو داواکاریش لەبازاڕدا زۆرە، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ لەبازاڕدا”.
وتیشی “هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەئێستادا بەتەواوەتی خاوبووەتەوە، بەدەیان کەشتی بارهەڵگری ئۆتۆمبێل لەبەندەرە ئاویەکانی ئێران ڕاگیراونو کەس ناوێرێت باری بکات، چونکە بەهۆی ئەو رەوشەی لەئێران هەیە کەس گرەنتی هاتنی ئەو ئوتومبێلانە ناکاتو کاتێک ئوتومبێلەکانیش دەگەنە ئێرە لەسەر بچوکترین شت ژمارەیان پێنادەن، ئەمەش نیگەرانی بۆ کاسبکاران دروست کردووە کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە ئەم کێشەیە”.
هاوکار جەغتی لەوە کردەوە کە “گواستنەوەی ئۆتۆمبێل لەمانگی چواردا 400 دۆلار بووە، بەڵام بۆ مانگی نۆ بڕی گواستنەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک بووە بە 900 دۆلارو نرخەکە بۆ ئێستا مانگی 10 دیاریکراوەو دەبێت بە 1000 دۆلار، لەئێستادا رەوشی کاسبکاران زۆر خراپەو هیچ لایەنو کەسانێک خۆی ناکات بەخاوەنمانو هاوکارمان نین”.
هاوڵاتیان ڕۆژانە سەردانی پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەنو لەنرخی ئۆتۆمبێلەکان دەپرسنو دەیانەوێت بەنرخێکی گونجاو ئۆتۆمبێلیان دەستکەوێت.
هێمن زاهیر، یەکێک لەو کڕیارانەی بەدوای ئۆتۆمبێلدا دەگەڕێت بەڕۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وت “نرخی ئۆتۆمبێل ماوەیەک بوو جێگیر بوو، پارەیەکم کۆکردبۆوە تا بتوانم ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بەڵام ئێستا نرخی ئۆتۆمبێل لەگەڵ مانگێک پێش ئێستا زۆر زیادیکردووە، بۆیە ناتوانم بەو نرخە بەرزانە بیکڕم، بەردەوام دەگەڕێم تا بتوانم ئۆتۆمبێلێکی گونجاو بدۆزمەوە بەو نرخەی خۆم دەمەوێت”.
وتیشی “ئۆتۆمبێل هەیە بەنرخێکی هەرزان بیکڕم، بەڵام مۆدێلیان نزمەو کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان زۆر خراپ بوون، ماوەیەکی زۆر کاری پێکراوەو ڕۆشتووە، کاتێک دەیکڕیت دەبێت پارەیەکی زۆر خەرجی تێدا بکەیت، بەمەش ئۆتۆمبێلەکە نرخەکەی زیاتر دەکەوێت، بۆیە واباشترە چاوەڕێ بکەم بەنرخێکی گونجاو بیکڕمو توشی زیانی زۆر نەبم”.
لەسەردەمی کۆرۆناو وەستانی هەموو جیهان لەکارکردن هۆکارێک بوو بۆ بەرزبونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمپانیا بەرهەمهێنە جیهانییەکانە وە ماوە.
بەشێک لەشارەزایانی ئۆتۆمبێل چەند هۆکارێکی دیکە دەخەنە ڕوو کە بوەتە هۆکاری گرانبونی ئۆتۆمبێل لەجیهاندا، لەوانەش کارگەکانی دروستکردنی مایکرۆ جیبس لەکاتی کەرەنتیندا گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەلکترۆنیەکانی ئەنجام دابوو، لەکاتی ئاسایی بوونەوەی ژیان جارێکی دیکە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل داوایان لەبەرهەمهێنەرانی مایکرۆ جیبس کردەوە کە پێیان بفرۆشن، بەڵام ئەوان بەرهەمەکانیان کردووە بەئەلکترۆنیات، بۆیە ئەمە بووە هۆی دروستبونی کێشە بۆ کۆمپانیاکان، بەمەش لە 30٪ بەرهەمهێنان لەهەموو کۆمپانیاکان کەمی کرد، هەربۆیە کۆمپانیاکان ناچار بوون نرخ بەرز بکەنەوە بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانو وەستانی هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لەهەموو جیهاندا کۆمپانیاکان لەچەند کۆمپانیایەکی دروستکردنی مایکرۆ جیبس دەیکڕن لە 68٪ بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل لەدوو کۆمپانیای تایوان مایکرۆ جیبس دەکڕن، ئەو دوکۆمپانیایەش لەناوخۆدا ڕوبەڕوی کێشەی سروشتی بونەتەوە بەهۆی کەمئاوی لەوڵاتەکەیانو 17٪ مایکرۆ جیبس لەوڵاتی چینە.
ماوەی دووساڵە لەعێراقدا نرخی گومرگو پێدانی تابلۆ بەئۆتۆمبێلی هاوردەکراو زیادی کردووە لەگەڵ ئەوەشدا هاوردە کردن بەردەوامەو نرخی ئۆتۆمبێل بەرزە.