ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى جەخت لە سازان و گفتوگۆ دەکاتەوە بۆ چارەسەرى کێشەکان و دەڵێت نیەتێکی جددی هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى (11-10-2022) لەمیانەى کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ هادى عامرى لەبەغدا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
بافڵ تاڵەبانى وتى "سازان و هاوبەشیی راستەقینە فاکتەری دەربازبوونن لەم دۆخە نەخوازراوە".
دەقى راگەیەنراوەکە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی رەوینەوەی گرژییەکان، زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عیراق کرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی نوێ و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە وتی، سازان و هاوبەشیی راستەقینە فاکتەری دەربازبوونن لەم دۆخە نەخوازراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی بەرپرسیار و دەربەست بە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئامانجی ئێمە روونە و دەمانەوێت حکومەتی نوێ بەدیهێنەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بێت و خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموولایەک بکات. پشتگیری هەموو هەوڵێکی لەو شێوەیەش دەکەین کە کار بۆ ئەو ئامانجە باڵایە بکات. گەشبینیشن بەوەی نیەتێکی جددی هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی وڵاتی تێکەوتووە.