ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و داوایکرد، مافە دەستوورییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن و پێشێل نەکرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی (سێشەممە 11-10-2022) لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە عیراق تاوتوێكرا و هەردوولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار كە پارێزەری مافی هەمووان بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روانینی حزبەكەی سەبارەت بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات روونكردەوە و وتی، "هەوڵی ئێمە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانێکی باشترە، دەمانەوێت حکومەتی نوێ خزمەتی زیاتری هەموو هاوڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی و رووبەڕووی گەندەڵی و نایەکسانی ببێتەوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، داواشیکرد، "مافە دەستوورییەکانی کورد جێبەجێ بکرێن و پێشێل نەکرێن، چونکە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی هاوڵاتییانمان ناکەین."
ئەوەش هاتووە، لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی ستایشی رۆڵی یەکێتی و هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانیی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ناکۆکییەکان و وتی، "دڵخۆشین کە رێبازی سەرۆک مام جەلال زیندووە و لەسەر دەستی سەرۆک بافڵ رابەرایەتی دەکرێت، رێبازێک کە خۆی لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکات بە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان."