ناس کورد-
وتەبێژی یەکێتی ڕەتیکردەوە، ڕازی بن پرسی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە و داوا دەکات، پارتی ڕەزامەندی لەسەر کاندیدەکەیان دەرببڕێت، بەپێچەوانەوە ئەگەری هەیە سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، دەشڵێت، " بژاردەی یەکێتی دوای رێککنەکەوتن لەگەڵ پارتی هەر رێککەوتنە، واتا هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (دووشەممە 10-10-2022) بە ڕووداوی وت، " هەمیشە پێمان باش بووە هەموو بابەتێکی پەیوەندیدار بە کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە رێککەوتن و گفتوگۆ یەکلابکرێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە بە رێککەوتن پۆستی سەرۆککۆمار یەکلابکرێتەوە و پۆستەکە لای یەکێتی بمێنیتەوە."
سەبارەت بەوەشی پۆستەکە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلابکرێتەوە، وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، "یەکلاکردنەوەی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بە تایبەت بۆ پۆستەکانی بەغدا کە پۆستی گرنگن، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری دارایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان یەکلانەکراونەتەوە تاوەکو ئێستا بۆ پەرلەمان بگەڕێینەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمەش پێمان باشە هەموو لایەنەکان بەتایبەتی پارتی رەزامەندییان لەسەر بەربژێرەکەمان هەبێت و بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بمێنیتەوە، ئەو کاتە بنەما و پرەنسیپی پێکەوە کارکردنمان دەپارێزین بۆ ئەوەی پێکەوە لە بەغدا و لە کوردستانیش کار بکەین."
باسی لەوەشکردووە، "ئێمە نامانەوێت پرسی سەرۆک کۆمار یان هەر پرسێکی دیکە بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکرێتەوە، هاوپەیمانیی رزگارکردنیی نیشتمان لە بەغدا سەرینەگرت، چونکە داوای حکومەتێکی زۆرینەیان دەکرد و لایەنەکانی دیکەش دەیانگوت، نەخێر کارکردن و هاوبەشی پێکەوە دەکەین، چونکە ئەو قۆناخە ئەوەی پێویستبوو، لە کوردستانیش لە زۆربەی بابەتەکان لە رابردوودا نە پارتی و نە یەکێتی نەیانگووتووە پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلادەکەنەوە، ئێمەش کار بەزۆرینە و کەمینە ناکەین، چونکە ئەو بابەتە لە رابردوودا کاری پێنەکراوە."
هاوکات لەبارەی ئەگەری رێککنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش و قۆناغی دوای ئەوە، وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، " بژاردەی یەکێتی دوای رێککنەکەوتن لەگەڵ پارتی هەر رێککەوتنە، واتا هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە."
لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018، سۆران جەمال تاهیر ڕایگەیاندووە، " ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، ئەو کاتە دڵتەنگییەک دروست دەبێت، دەرئەنجام ناچارین سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە و بە دەرئەنجامەکەشی رازی بین، بەڵام بڕواناکەم ببێتە هۆکاری ئەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تێکبچن، هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناغەش و پۆستەکە لای یەکێتی بمێنێتەوە، ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی زیاتر گەشە بکەن."