ناس کورد-
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک، پرسی دورخستنەوەی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیسی هەرێم لە خانەقین راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشكرابووە راپۆرتێكی هەواڵگری زانیاریی "هەڵە"ی لەسەر ژمارەی چەكدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خانەقین بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە بەرزكردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ماڵپەڕی کەرکوک ناو، ئەو راپۆرتە لەلایەن لایەنێكی ئەمنی هەواڵگریی خانەقینەوە ئامادەكراوە و رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە كراوە، كە دۆسییەی ئەمنی تەواوی پارێزگاكەیان لە ئەستۆیە.
لەو ڕاپۆرتەدا کە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە بەرزکراوەتەوە، هاتووە، "بارەگای ئاسایشی یەكێتی لە خانەقین 750 چەكداری لێیە، بارەگای پێشمەرگەش 300 چەكدار و ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی خانەقینیش 250 چەكدار، ژمارەی چەكدارەكانیش بەردەوام لە زیادبوندان."
لە كاتێكدا بەپێی رێككەوتنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە و لێپرسراوانی باڵای یەكێتی دەبێت ژمارەی چەكدار لەو بارەگایانە سنوردرابن و ئەركیان تەنیا پاراستنی بەنداوی ئەڵوەند و فەرمانگەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم بێت.
ئەو ماڵپەڕە لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو راپۆرتە هۆكار بووە بۆ ئەوەی سوپای عیراق داوای چۆڵكردنی بارەگاكانی ئەو هێزانە بكات لە خانەقین، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ژمارانە زۆر گەورە کراون و بەو شێوەیە نین، بەڵکو راپۆرتەكە زانیاریی هەڵەی تیابووە.
هاوکات بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خانەقین، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی یەكشەممە 9ی تشرینی یەكەمی 2022، جارێكی هێزێكی سوپای عیراق، بە سەرۆكایەتی لێپرسراوی هەواڵگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە سەردانی تەواوی بارەگانی پۆلیس، ئاسایش و پێشمەرگەیان کرد لە خانەقین، بە مەبەستی وردبینیكردن لە ژمارەی چەكدارەكان و چەكەكانیان، بەڵام داوایان نەكردووە بارەگاكان چۆڵبكەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا داواكاری سوپای عیراق بۆ دەركردنی ئەو هێزانە راگیراوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیكدا لە كۆبوونەوەی لێپرسراوانی باڵای دیالە و سلێمانی بڕیاری كۆتایی بدرێت.