گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەبوونی دوو کاندید بۆ سەرۆک کۆمار

2022.10.10 - 12:27
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەبوونی دوو کاندید بۆ سەرۆک کۆمار

ناس کورد- 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هێشتا بە فەرمی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕانەگەیەنراوە، دەشڵێت، پێویستە کورد یەک کاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بنەمای پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد تێکنەدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (دووشەممە 10-10-2022) ڕایگەیاند، "دەوترێت ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە فەرمی نییە و ئەنجامدانی دانیشتن و تەوەری دانیشتن ڕانەگەیەنراوە." 

 

وتیشی، "پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستی کوردە نەک تەنها لایەنێکی دیاریکراو، بۆیە پێویستە وەک چۆن سوننەکان یەک کاندیدیان هەبوو بۆ سەرۆکی پەرلەمان، شیعە یەک کاندیدی دەبێت بۆ سەرۆک وەزیران، لایەنە عێراقییەکان پشت بە بنەمای زۆرینە دەبەستن، ئیمەش وەک کورد یەک کاندیدمان هەبێت و پێویستە یەکێتیش ڕێز لەوە بگرێت." 

 

هاوکات سەبارەت بەوەی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی توند لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و د. فوئاد حسێن ڕوویدابێت، ڤیان سەبری، باسی لەوەکرد، "من لە کۆبوونەوەکە بەشدار نەبووم، بەڵام نابێت بابەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمار تێکەڵ بکرێت، چونکە بابەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و هەردوولا وەک یەک بەشدارن." 

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر ڕۆژی چوارشەممە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بەشداری دانیشتنەکە دەکەن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، "لەوکاتەدا ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆک بارزانی دەکەین کە بەشداری بکەین یاخود نا." 

 

هاوکات سەبارەت بەوەی پارتی ترسی لەوە هەیە لە ئەگەری دوو کاندید دا بۆ پۆسەتەکە، کاندیدەکەی پارتی دەرنەچێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ترسی پارتی لەو پێشهاتە ڕەتنەکردەوە و وتی، "ئێمە دەڵێین پۆستەکە هی کوردە و ئەوە بنەمایە نابێت تێکبدرێت، پێویستە کوردیش وەک شیعە و سونە بە کۆدەنگی کاندیدەکەی دیاری بکات، نەک بە یەکلاییکردنەوەی لەنێو هۆڵی پەرلەمان، ئەگەر یەکێتی هەر ڕێک ناکەوێت با کاندیدێک لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە." 

 

هەر ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و محەمەد شیاع سودانى، کاندیدى چوارچێوەى شیعى بۆ سەرۆک وەزیران و فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى گەیشتنە هەولێر.  

 

ڤیان سەبری ڕایگەیاند، شاندەکە لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە و لەسەر پرسی سەرۆک کۆماریش گفتوگۆ دەکەن.