گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێرشەکانى ئیران لەهەرێم

شیکار: دانوستانەکانى پشت پەردە لەوانەیە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە

2022.10.09 - 21:36
App store icon Play store icon Play store icon
شیکار: دانوستانەکانى پشت پەردە لەوانەیە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە

ناس کورد-

 

شیکەرەوەیەکى کاروبارى ئێران رایگەیاند، دانوستاندنەكانی پشت پەردەى دواى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر پێگەى حزبەکانى رۆژهەڵات لەهەرێم لەوانەیە جۆرە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە، بەتایبەت کە میدیاى ئێران باسى ئاگربەست دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زریان رۆژهەڵاتى لە شیکارێکدا لە پێگەى "رووداو" نوسیویەتى "میدیاكانی نزیک لە سوپای پاسداران دەستەواژەی ئاگربەستیان بۆ دۆخی دوای هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بەكارهێناوە و جەختیان لەوە كردووە كە درێژەكێشانی ئەو ئاگربەستە، پەیوەندی بە رەفتاری بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە".

 

دەشڵێت "هێشتا بە تەواوی روون نییە كە ئەم بابەتە بە كوێ دەگات، بەڵام لەوانەیە دانوستاندنەكانی پشت پەردە جۆرە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە، بۆیە باسی ئاگربەست دەكرێت! هەڵبەت بەكارهێنانی دەستەواژەی ئاگربەست دەتوانیت بۆ خۆی نیشانەی هەبوونی ئامانجێكی فراوانتر لە بابەتی شوێنەكانی مانەوەی پێشمەرگەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات یان دیداریان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانیش لەخۆ بگرێت".

 

دەقى شیکارەکە:

 

خۆپێشاندانەكانی ژینا پێی ناوەتە هەفتەی چوارەم و لە رۆژانی رابردووشەوە گوشارەكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان لەبارەی مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵات زیادیكردووە. ئێران لە 28ی سێپتەمبەردا بۆ لێدانی حیزبەكانی رۆژهەڵات، بەجارێک نزیكەی 70 مووشەك و درۆنی نا بە خاكی هەرێمی كوردستانەوە كە بەشێكی ئامانجەكانیش بە دووری زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە سنوور بوو و شوێنی كەسانی سڤیل بوو. 

 

لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەكانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی زیاتر و تەنانەت هاتنی هێزی ئێرانی بەردەوام بوو. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە دوا گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بەو بابەتە چین و پشت پەردەی ئەو بابەتە چی تێدایە كە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی تاران مژاری مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتیان لە هەرێمی كوردستان گەرم كردووەتەوە؟

 

بۆچی ئاگربەست؟

 

میدیاكانی نزیک لە سوپای پاسداران دەستەواژەی ئاگربەستیان بۆ دۆخی دوای هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بەكارهێناوە و جەختیان لەوە كردووە كە درێژەكێشانی ئەو ئاگربەستە، پەیوەندی بە رەفتاری بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. وا پێدەچێت كە ئێران سەبارەت بە مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چوار شوێنی نزیک سنوور (بەردە سۆر، سەقەر، بەربزین و ئالانە) لە ناوچەیەكی نێوان چۆمان و سیدەكان لە پارێزگای هەولێر زۆر هەستناک بووبن. 

 

هەروەها نیگەرانیش بووبن لە ئەگەری پەیوەندی كۆنسوڵخانەی وڵاتانی دەرەوە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حیزبەكانی رۆژهەڵات. هێشتا بە تەواوی روون نییە كە ئەم بابەتە بە كوێ دەگات، بەڵام لەوانەیە دانوستاندنەكانی پشت پەردە جۆرە رێككەوتنێكی كاتیی لێكەوتبێتەوە، بۆیە باسی ئاگربەست دەكرێت! هەڵبەت بەكارهێنانی دەستەواژەی ئاگربەست دەتوانیت بۆ خۆی نیشانەی هەبوونی ئامانجێكی فراوانتر لە بابەتی شوێنەكانی مانەوەی پێشمەرگەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات یان دیداریان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانیش لەخۆ بگرێت. ئەو حیزبانە بە نزیکەیی لە ساڵی 1996ەوە چالاكییە چەكدارییەكانیان لە دژی ئێران راگرتووە و پرسی مانەوەییشان لە ساڵانی رابردوودا نەبووەتە گرفتێكی گەورە لە نێوان هەولێر و تاران. بەڵام ئەوە پرسیارەیە، بۆچی لەم كاتەدا وەك پرسێكی گەورە لە پەیوەندییەكانی هەردوولادا قیت بووەتەوە؟

 

پاڵنەری گوشارەكانی تاران

 

بێشك یەكێك لە گرنگترین فاكتەرەكانی پشت ئەو هێرش و گوشارانەی ئەمدواییەی تاران دوورخستنەوەی سەرنجەكانە لەسەر خۆپێشاندانەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە كە بە یەكێك لە گرنگترین رووداوەكانی 4 دەیەی رابردووی ئەوێ هەژمار دەكرێت. هەبوونی ناڕەزایی لە شوێنێكی وەكو كوردستان یان بەلوچستان لە ئێران شتێكی ئاسایی بووە، بەڵام ئەوەی كە ئێستا جیاوازە ئەوەیە كە خۆپێشاندان بە شێوەیەكی بەرچاو لە شارە شیعەنیشنەكانی ئێرانیش دەكرێت و ئەمەش دوور نییە لەو شەپۆلە ناڕەزاییە جەماوەرییەی كە چەند ساڵێكە لە لوبنان، عێراق و ئێستاش لە ئێران دروستبووە. رەنگە بەرپرسانی ئێران بە هیوابن بەوەی كە ئەگەر خۆپێشاندانەكان بە دەستوەردانی دەرەكی، پلانی وڵاتان و هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ببەستنەوە، ئەوسا دەتوانن بە لەونێك رای گشتی وڵاتەكەیان ئارامتر بكەنەوە!

 

خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە لەوانەیە ئێران دڵنیا نەبێت لەوەی كە لە ماوەی درێژخایەندا چی لە عێراق روودەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەپۆلە بیركردنەوە دژە ئێرانییەی كە لە 2018وە لە عێراق بەردەوام گەشە دەكات، لەوانەیە دۆخی ئێستا بە باشترین دەرفەت بزانێت بۆ ئەوەی پرسی مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان یەكلابكاتەوە، وەك ئەوەی كە سەبارەت بە موجاهیدنی خەڵق كردی. لە بیرمان نەچێت ئەو كاتەی كە عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆكوەزیران، بۆ جاری یەكەم لە دوای 2003وە، چارەسەركردنی پرسی مانەوەی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتان لە عێراق لە بەرنامەی حكومەتدا جێگیر كرا. بۆیە ئەم بابەتە شتێكی تازە نییە و دەتوانێت ریشەیەكی درێژتر لە خۆپێشاندانەكانیشی هەبێت.     

 

هەڵبەت ئەمە تاكە فاكتەر نییە و دەشێ مژاری پێكەوەنانی حكومەتی بەغداش بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بەو گوشارانە بێت. سەرەڕای ئەوەی كە لە مانگی رابردوودا رێككەوتنێكی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان و سوننەكان هاتە ئاراوە، بەڵام پێدەچێت ئەو رێككەوتنە كێشەیەكی تێكەوتبێت! لایەنە كوردییەكان هێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و ئەمەش بۆ خۆی دەتوانێت رەنگدانەوەیەكی رێكنەكەوتنی كۆتایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان بێت. 

 

دیدگایەكی بەهێز لەنێو ئێران هەیە كە پێویستە دەسەڵاتی ئێران یەكدەست بێت و رەنگە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، تاران زیاتر حەزی لەوە بێت كە لە بەغداش حكومەتێكی یەكدەست و نزیكتر لە خۆی ببینێت، یان لانیكەم حكومەتێك بێت كە مەرجی زۆر قبوڵ نەكات. بێگومان ئەمەش دەتوانێت كاریگەریی لەسەر هەوڵەكانی ئەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی شەپۆلی ناڕەزایی نێوخۆی وڵاتەكەیان هەبێت و ئەگەر لە عێراقیش خۆپێشاندانێكی دیكە رووبداتەوە، لەوانەیە هاوشێوەی پێشتر بە تووندی هەوڵی سەركوتكردنی بدرێت وەك ئەوەی پێشتر كرا. بۆیە پێدەچێت یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو گوشارانە ناچاركردنی پارتی بێت بە رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەرجێكی كەمترەوە.

 

فاكتەرێكی دیكەش دەتوانێت پەیوەندی بە پرسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە هەبێت و لەوانەیە، هاوكاتبوونی هێرش و گوشارەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ زیادبوونی هێرشی گرووپە چەكدارییەكان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سووریا و تەنانەت عێراقیش نیشانەیەكی ئەوە بێت. دەشێ ئەمەش بۆ ئەوە بێت كە تاران بە تەمابێت كاریگەریی خۆی لەسەر ئارامی و نائارامی ناوچەكە پێشانی ئەمریكا بداتەوە.

 

كۆتایی

 

بابەتی مانەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بۆ سەردەمێكی زۆر زووتر دەگەڕێتەوە و بۆ چەند دەیە دەچێت كە ئێران بە جۆرێك لەگەڵ ئەو پرسەدا راهاتووە. حیزبەكانیش تەنانەت چالاكییەكی چەكداریی ئەوتۆیان لە دژی ئێران رێكنەخستووە. بگرە هەندێك لەو بارەگایانەی كە كراوەنەتە ئامانج نزیكەی 150 كیلۆمەتر لە دووری سنووریش بوون. بۆیە دەشێ هۆكاری گوشارەكان لە رێی ئەو بابەتەوە، زیاتر پەیوەندی بە خۆپێشاندانەكانی ژینا، پرسی پێكهێنانی حكومەت و دۆخی عێراق، هەروەها مژاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی تارانەوە هەبێت.