ناس کورد-
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق و بانکى ناوەندى کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد، لەناویاندا نرخى دۆلار و دەرکردنى چاپى 20 هەزار دینارى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسیارمان ئاڕاستەی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی ئایندە وەڵاممان بداتەوە”.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ یەکشەممە (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، وەک لیژنەی دارایی و لەسەر بانگهێشتی پێشوەختەمان، لەگەڵ هەریەک لە (پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، وەزیری پلاندانان، بریکاری وەزیری دارایی، سەرۆکی دیوانی چاودێری) کۆبووینەوە.بانگهێشتی ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار و رێکخستنەوەی کاری بانکە بازرگانییەکان لە عێراق، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی چاپکردنی (٢٠ هەزار دینار)ی کرا کە پێشنیارکراوە و بانکی ناوەندی ئامانجییەتی جێبەجێی بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی هەندێ پرسی تایبەت بە وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی کرد، کە تایبەتە بەجێبەجێکردنی یاسای ئاسایش و خۆراک و بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی تایبەت بە یاساکە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسیارمان ئاڕاستەی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی ئایندە وەڵاممان بداتەوە.
من بە نووسراوی فەرمی پرسیارم ئاڕاستەی بانکی ناوەندی کردووە، لەبارەی کاری بانکەکان لە هەرێمی کوردستان و چارەنووسی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی، کە چەند ساڵێکە بەنیازن ئەو لقە بکەنەوە، ئێمە چاوەڕێی وەڵامەکانی بانکی ناوەندی دەکەین و بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێکردنی بابەتەکان.