ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بۆماوەی سێ ڕۆژ بەھۆی چاکسازی لە بۆری غاز چەند کاتژمێرێک کارەبای نیشتیمانی کەمیکردبوو، ئەمشەو تەواوی کارکردن لە چاکسازی بۆری غاز تەواو دەبێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، دەشڵێت، لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و لە بازاڕی دھۆک سیستەمی ٢٤ کاتژمێری کارەبا بە کارت کەوتووەتە کار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا (یەکشەممە 9-10-2022) بە میدیای فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند، " ئەمڕۆ سێیەم رۆژی پڕۆسەی چاکسازیکردنە لە بۆری ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، بۆیە ئەمشەو کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و ١٨ کاتژمێر کارەبا بە ھاوبەشان دەدەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە پڕۆسەی چاکسازی لە بۆری غاز ھەوڵماندا کاتژمێرەکانی کارەبا زۆر کەم ببێتەوە ئەوەش بوو لە نێوان کاتژمێرێك بۆ ٢ کاتژمێر کارەبا کەمی کرد، تاوەکو ئەمشەو چاکسازی تەواو دەبێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کار لەسەر ٢٥٠ مێگاوات کارەبای نوێ دەکەین بۆ وەرزی زستانە و داخیلی کارەبای نیشتیمانی دەکەین".
باسی لەوەشکردووە، " لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و لە بازاڕی دھۆک سیستەمی ٢٤ کاتژمێری کارەبا بە کارت کەوتۆتە کار و لەژێر ئەزموونیدایە و تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووە".