ناس کورد-
بەیانیی ئەمڕۆ لە گەڕەکی جولەکانی شاری سلێمانی تەرمی ژن و پیاوێک و دوو منداڵیان لە ماڵەکەیاندا دۆزرانەوە و پۆلیسیش دەڵێت، پشتڕاستکرایەوە کە بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی (یەکشەممە 9-10-2022) ڕایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵێكدا و لە گەڕەكی جولەكان لە شاری سلێمانی بەهۆی تەزووی كارەباوە چوار ئەندامی یەك خێزان گیانیان لەدەستدا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای گەیشتنی تیمەكانی بەڵگەی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كرا و دەركەوت كە هەرچوار قوربانییەكە بەهۆی تەزوی كارەباوە گیانیان لەدەستداوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای بردنی تەرمەكانیشیان بۆ پزیشكی دادوەری ، هۆكاری گیانلەدەستدانەكەیان پشتڕاست كرایەوە كە بەهۆی تەزوی كارەباوە گیانیان لەدەستداوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، قوربانییەكان باوك و دایك و دوومنداڵی كوڕو كچیانن بەناوەكانی:
عادل مستەفا سەعید لەدایكبووی 1966
شعریە عەلی ئەمین لەدایكبووی 1972
محەمەد عادل مستەفا لەدایكبووی 1999
جوان عادل مستەفا لەدایكبووی 2002