کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- دوای ئەوەى کەسایەتییەکی ئاینی شیعە داوایکرد هێزەکانى حەشدی شەعبی بکرێتە سوپای یەکەمی وڵات و سوکایەتی بە سوپای فەرمی عێراق کرد، لیژنەى ناوەندی سەرپەرشتیکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکات بۆ پشتگیریکردنی سوپای عێراق. لە ڕاگەیەنراوێکدا، لیژنەکە داوا دەکات سبەینێ هەینی، 16ی ئابی 2019، خۆپیشاندان "لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانى تر ئەنجام بدرێت و گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا دیاریکراوە بۆ خۆپیشاندانەکە." . پێشتر، یوسف ناسری، کەسایەتییەکی ئاینی و سەربازی شیعە ڕایگەیاندبوو، سوپای عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت و پێویستە حەشدی شەعبی بکرێتە سوپای یەکەمی وڵات. هەر دوای قسەکانى، بزوتنەوەى نوجەبا و لایەنەکانى حەشدی شەعبی توڕەیی خۆیان لە قسەکانى ناسری دەربڕی و خۆیان لێ بێبەری کرد. هاوکات وەزارەتى بەرگریی عێراقیش بە توندی وەڵامی ناوبراوی دایەوە و ڕایگەیاند، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.