ناس كورد-
ئەژى ئەمین سەرۆکى پێشووى دەزگاى زانیارى/زانیاری لەبارەی كوژرانی هاوكار جاف ڕایگەیاند، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ”بەکرێگیراو وجاشەكان داماڵراون لەهەموو پابەندبوونێکى ئەخلاقیى و ئینسانی.”
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەژی ئەمین ئەمڕۆ شەممە (8ی تشرینی یەكەمی 2022 لە پەیامێكدا كە بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) بڵاویكردەوە دەڵێت،
”ئەوەى دوێنێ ڕوویدا، لە پەلاماردانى ژن و منداڵ و سەربازە ونەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئەمنیەتى هەرێمى کوردستاندەیسەلمێنێت کە بەکرێگیراو و جاشەكان داماڵراون لەهەموو پابەندبوونێکى ئەخلاقیى و ئینسانی.”
دەشڵێت، ”ئەو بارودۆخەی کە بەهۆی چەند هەرزەیەکی مافیائاساوە بەتایبەت لە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و کاریگەری خراپیلەسەر کۆی بارودۆخی ناوچەکە داناوە و بووەتە مەترسی بۆ سەر ئەزموون و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، چیتر مایەی قبوڵکردن نییە ودەبێت بۆ ڕاگرتنی هەموومان ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرشانمان قبووڵ بکەین.”
پێشتر ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم رایگەیاند، دوێنێ هەینی (7ی تشرینی یەکەمی 2022)، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ناوی هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی خۆی گواستبوویەوە بۆ شاری هەولێر، لە ڕێگەی دوو بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کرایە ئامانج و شەهید بوو، هاوکات چوار سەرنشین کە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی پێک هاتبوون، بریندار بوون.