گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕووفاتی دەیان شەهیدی ئەنفالکراو گەیەندراونەتە پزیشکی دادوەری بەغدا

2019.08.14 - 22:39
ڕووفاتی دەیان شەهیدی ئەنفالکراو گەیەندراونەتە پزیشکی دادوەری بەغدا
ناس کورد ڕوفاتى ده‌یان شه‌هیدى ئه‌نفال گه‌یه‌نراوه‌ته‌ پزیشكى دادوه‌رى به‌غداد و بۆ به‌رده‌وامى پرۆسه‌كه‌ش ڕاوێژكارێكى سه‌رۆك كۆمار پێشنارێك ده‌خاته‌ به‌رده‌م حكومه‌تى هه‌رێم. . سالار مه‌حمود، ڕاوێژكارى سه‌رۆك كۆمارى عێراق بۆ ناس كورد وتى: "له‌پاش پڕۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕر‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى شه‌هیدانى ئه‌نفال له‌سنورى پارێزگارى سه‌ماوه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى،  171 ڕووفاتى شه‌هیدانى ئه‌نفال كه ‌ژن و منداڵن گه‌یه‌نراونه‌ته‌ پزیشكى دادوه‌رى شارى به‌غداد، كه‌سه‌ربه‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراقه‌. . سالار مەحمود ئەوەی ئاشکرا کرد کە بڕیاره‌ له‌مانگى داهاتوودا كار كردن له‌دوو گۆڕى ترى نزیك ئه‌و گۆڕە بەکۆمەڵەی ئێستا ده‌ست پێبكات. . ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی: "پێش هێنانەوەی ڕوفاتاتى شه‌هیدانى ئه‌نفال له‌به‌غداوه‌ بۆ کوردستان، مەراسمێكى فەرمی و شایستەی بەڕێکرنیان بۆ ئەنجامده‌درێت، ئه‌وه‌ش به‌به‌شدارى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و به‌رپرسانى حزبى و حكومى عێراق دەبێت." . سالار مه‌حمود  باسی لەوەشکرد، "هه‌وڵێكى هێمن و دیپلۆماسى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بین له‌پرۆسه‌ى ده‌رهێنانى ڕوفاتى ئه‌نفالكراوه‌كان، به‌ره‌و پێشچونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانیان، كاریگه‌رى ئه‌رێنى له‌به‌رده‌وامیدان و خێراتر كردنى ئەو پرۆسه‌یه‌ هه‌یه.‌" . ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک کۆمار، وتی: "به‌ته‌نها له‌سنورى پارێزگاى سه‌ماوه‌، ده‌یان گۆڕی بەکۆمەڵی ترى شه‌هیدانى ئه‌نفال هه‌یه‌ و بۆ به‌رده‌وامى پرۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ىان، هه‌ماهه‌نگى نێوان تیمى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندی پێویسته‌." . له‌باره‌ى دانانى پلانێك بۆ ئه‌وه‌ى گرفتى نوێ لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان دروست نەکرێت، ڕاوێژكاره‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ڕایگه‌یاند: "من پێشنیار ده‌كه‌م بۆ حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ دانوستانه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غداد ئه‌و بابەتە بكاته‌ دۆسیەی سەرەکی، بۆ په‌له‌كردن و خێراكردنى هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی كه‌ كاتى خۆى دیاریكراون و ماون، هه‌روه‌ها پێویسته‌ پرسى قه‌ره‌بووى مه‌عنه‌وى و مادی کەسوکاری ئەنفالیشی به‌دوادا بێت."