ناس کورد-
وەزارەتی پەروەردە پرۆژەیەكی گەورە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان خستەكار دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فایەق سەعید سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "دیداکتیک سێ بەشی پەروەردە پێک دێنێت و گرنگترین فاکتەری پێشکەوتنی هەر سیستمێکی پەروەردەییە لە جیهاندا. دیداکتیک بە ئەندازەی (٠.٧٩) کاریگەریی لەسەر کارایی خوێندکار هەیە".
رونیشیکردووەتەوە "پرۆژەکە زۆر چڕە و ئەرکێکی سەخت دەخاتە بەردەم بەشداربووەکان و من. ئەوان دەبێ ٨ کاژێر کار بکەن و منیش ١٢ کاژێر، لە کاتێکدا هەموو کەسێک ٦ کاژێر کار دەکات".
دەقى بڵاوکراوەکە:
دوێنی یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کارم بوو لە یەکێک لە گرنگترین پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخ. هێزی پرۆژەکە لە بایەخدانی بێ ئەندازەی بەڕێز وەزیری پەروەردەوە سەرچاوەی گرتووە کە زۆر موکوڕە لەسەر جێبەجێکردنی. خۆشحاڵم کە ئەرکی بەجێگەیاندنی هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆژەیە بە بەندە سپێرداوە کە لەم بوارەدا ٤ کتێبم دەربارەی دیداکتیکی هاوچەرخ نووسیوە و لەم مانگەدا بڵاو دەبنەوە. ئەم کتێبانە زیاتر لە ٧٠ مۆدێل، میتۆد و ستراکچەری جیاوازی لەخۆ گرتووە.
لەم بوارەدا بەڕێز وەزیری پەروەردە هەموو پێداویستییەکی بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکە ڕەخسانددوە و لەپێش هەمووشیانەوە هاوکاریی بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەدە و مەشق و ڕاهێنان کە بۆ من یەکجار گرنگن. وەکو یەک تیم کار لەم پرۆژەیەدا دەکەین و بەندە یەک بژاردەم لە بەردەمدایە ئەویش سەرکەوتن.
ماوەتەوە بڵێم دیداکتیک سێ بەشی پەروەردە پێک دێنێت و گرنگترین فاکتەری پێشکەوتنی هەر سیستمێکی پەروەردەییە لە جیهاندا. دیداکتیک بە ئەندازەی (٠.٧٩) کاریگەریی لەسەر کارایی خوێندکار هەیە.
پرۆژەکە زۆر چڕە و ئەرکێکی سەخت دەخاتە بەردەم بەشداربووەکان و من. ئەوان دەبێ ٨ کاژێر کار بکەن و منیش ١٢ کاژێر، لە کاتێکدا هەموو کەسێک ٦ کاژێر کار دەکات. من بەش بە حاڵی خۆم کاتم بۆ ئەوەش نییە یەک ڕۆژ نەخۆش بکەوم. دەرئەنجام خۆشحاڵم بەم پرۆژەیە و سوپاسی بەڕێز وەزیری پەروەردە، تیمی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی شارەکان و قەزاکانیش دەکم بۆ هاوکارییان.
فایەق سەعید