ناس کورد-
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەهێشتنی گرژیی نێوان پارتەكەی و هەندێك هێزی سیاسی دیكە بووە، هاوكات جەختیشی كردەوە كە ڕا و بۆچوونی موقتەدا سەدر، ڕیبەری ڕەوتی سەدری لەسەر كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگ،محەمەد شیاع سودانی، لەبەرچاو دەگیرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەلبوسی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا (29ی ئەیلولی 2022) گوتی، "پێکهاتەی پەرلەمانی ئێستا تەواو جیاوازە لە پەرلەمانی پێشوو، بۆیە هەنگاوە سیاسییەکانیش جیاوازن و هەروەها هێزەکانی ناو پەرلەمانیش جیاوازە."
ئاماژهی بهوهشكرد، "هۆكارێكی زۆر له پشت دهستلهكاركێشانهوهكهمەوه ههیه، یەکێکیان بۆ ئەوە بوو کە پەرلەمانتاران بەشدار بن لەوەی کێ دەبێتە سەرۆکیان، بابەتی دووەمیش پەیوەندی بە سروشتی پهیوهندی نێوان لایهنهكانهوه هەیە، بهتایبهتی نێوان حزبەکەی خۆم و پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی تر کە کاریگەری بۆسەر جەمار و سروشتی کۆمەڵایەتی هەبوو."
حەلبوسی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "دەستلەکارکێشانەوەکەم پەیامێک نەبوو بۆ سەدر کە هاوپەیمانی سێ قۆڵی لە پەرلەمان کۆتایی هات،" جەختی لەوە کردەوە کە "کەس ناتوانێت ڕەوتی سەدری لە عێراق تێپەڕێنێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر کارەکانی، و ناکرێت دەسەڵاتی یاسادانان پەکبخرێت کە هەموو شتەکانی تری پێوە بەندە، چونکە پەککەوتنی پەرلەمان جیاوازییەکان بەرەو ئاقاری تر دەبات، هەروەها دەبێت هەمووان بەبێ مەرجی پێشوەختە دابنیشین".
حەلبوسی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ شتێکمان لە کاندیدەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکوەزیرانی نەبینیوە شتی ئەرێنی و نیازپاکی نەبێت، و ئەم بابەتانە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، من لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەنگم پێدرا و ئێمەش لەسەر بنەمای بەرنامەی کاری کاندیدەکە کار دەکەین."
ڕوونیشی كردەوە، "پەسەندكردنی ئەو كاندیدە لەلایەن سەدرەوە جێگەی گرنگی دەبێت، تا ئێستاش هیچ یەكێك لە سەدرییەكان ڕای خۆیان لەسەر کاندیدەکە نەخستووەتەڕوو."