گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

درۆنێکی ’’بۆمبڕێژکراوى ئێرانى’’ لەقەسرێ کەوتەخوارەوە

2022.09.27 - 12:06
App store icon Play store icon Play store icon
درۆنێکی ’’بۆمبڕێژکراوى ئێرانى’’ لەقەسرێ کەوتەخوارەوە

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتووەتە خوارەوە و پێدەچێت ئێرانى بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاخەوان حوسێن، لە لێدواێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ "رووداو" وت "کاژێر 08:45ی بەیانیی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کێشا بە شوێنێک کە پێی دەگوترێت ناوچەی قەڵات لە نزیک گوندی مێرگە لە دەڤەری باڵەکایەتی و بە هەموو بۆمبەکانیەوە تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."

 

وتیشى شوێنەکە هیچ بارەگایەکی هێزەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لێ نییە و شوێنی نیشتەجێبوونیش نییە.

 

سەبارەت بەوەی درۆنەکە هی کێ بووە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ وتی، "پێدەچێت درۆنەکە ئێرانی بێت، چونکە دوو رۆژە ئەو وڵاتە سنوورەکانی ئێمە بۆردوومان دەکات بە پاساوی بوونی بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، بەڵام ئەو شوێنە هیچ بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لێ نزیک نییە".

 

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە درۆن بنکە و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی دیموکراتی لە دەوروبەری گوندی مێرگەی سەربە قەزای چۆمان بۆردومانکرد.  

 

شاخەوان حوسێن بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ رايگەیاند، بۆردومانەکە لەرێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و زانیاریە سەرەتاییەکان ئەوەن کە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.  

  

وتیشى تەنھا پوش و پاوان و دارستانی سنورەکە بەھۆی بۆردومانەکەوە ئاگری گرتووە و لە ھەوڵدان لە رێگەی تیمەکانیان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن.  

  

سوپای پاسدارانی ئێران (26-9-2022) رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپباران هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانى رۆژهەڵات لەهەرێمى کوردستان.  

  

ئاژانسى تەسنیمى سەر بە سوپاى پاسداران (26-9-2022) بڵاویکردەوە، هێزە زەمینییەکانی پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی نوێى بۆ سەر بارەگاکانى ئەو گروپانە لە کوردستانی عێراق دەستیپێکردووە.    

  

ئاماژە بەوەشکراوە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، یەکەکانی تۆپخانە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزەکانی زەمینی سوپای پاسداران، بە چەکی زیرەک و ورد، ناوەندەکانی گردبوونەوە و مەشق و ئۆپەراسیۆنى گروپەکانیان لە هەرێم کردە ئامانج.    

  

هێزە زەمینییەکانی پاسداران هەروەها تۆپبارانى بنکە و بارەگاکانی ئەو گروپانەیان کرد.    

  

 بەپێی پێگەکە، هێرشەکانى له‌ كاتژمێر چواری پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه‌وە ده‌ستیان پێكردووه‌ و سێ باره‌گای مه‌شق و ڕاهێنان و گردبونه‌وه‌ی "كۆمه‌ڵه‌"یان كردووه‌ته‌ ئامانج و زیانی گه‌وره‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.    

  

سوپاى پاسدارانى ئێران (24-9-2022) دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى "ئاگرباران و تۆپباران" ى لەخاکى هەرێمى کوردستان راگەیاند، بۆ بەئامانج گرتنى بنکە و بارەگاکانى حزبەکانى رۆژهەڵات.  

  

سوپاى پاسداران لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریدایە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان کە نزیکى بنکە و بارەگاکانى حزبە کوردییەکان نەبنەوە، چونکە لەلایەن پاسدارانەوە بەئامانج دەگیرێن.            

  

جەختیشیکردووەتەوە، دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنەکە دواى ئەوە هاتووە کە بەرپرسانى هەرێم "کەمتەرخەم بوون" لەڕێگریکردن لەو حزبانە بۆ ئەنجامنەدانى چالاکى دژى ئێران.