گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دیمەنەکە هێشتا ئاڵۆزە’’

دەوڵەتى یاسا: هاوپەیمانى سەروەرى چاوى لەسەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمانە

2022.09.27 - 09:53
App store icon Play store icon Play store icon
دەوڵەتى یاسا: هاوپەیمانى سەروەرى چاوى لەسەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمانە

ناس کورد-

 

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دیمەنی سیاسی ئێستای بە "ئاڵۆز" وەسف کرد، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە دەکرێت دانیشتنی پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاوێژکاری بەڕێوەبچێت و هاوپەیمانی سەروەری بەدوای ئەوەدا دەگەرێت لەسەر کورسی سەرۆکایەتى پەرلەمان بمێنێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد عەگێلی سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (27ی ئەیلوولی 2022) بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى وت "تائێستا دیمەنەكە ئاڵۆزە، بەڵام ئارامییەکی سیاسی لەسەر ئاستی (سۆشیال میدیا) هەیە، ئەوەش دەتوانێت دەرگا بۆ دیالۆگ بکاتەوە، چونکە ڕەوتی سەدری هەنگاوی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان قبوڵ ناکات".

 

وتیشى "دەتوانرێت دانیشتنی پەرلەمان بەشێوازێكی راوێژكاری بەڕێوەبچێت".

 

عەگێلی  ئاماژەی بەوەشکرد، "هاوپەیمانی سەروەری تەنها چاوی لە مانەوەیە لە کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دەکرێت ئەوە تاکە داواکاری بێت بۆ سەروەری. سەبارەت بە چوارچێوەی هەماهەنگی، چەند هێزی سیاسی تێدایە و هەڵوێستى جیاجیان هەیە".

 

پێشتر  یەحیا محەمەدی، سەرۆکی لیژنەی پلاندانان و بەدواداچوون، هاوکات سەرکردە لە هاوپەیمانێتی سەروەرى سوننەکان کە خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی سەرکردایەتی دەکەن لەبارەى دەستلەکارکێشانەوە لەناکاوەکەی حەلبوسی (26ی ئەیلولی 2022) وتی، "بەهۆی توانای سیاسی و بزێوی مەیدانی و ڕۆڵی گەورەی لە ڕەوڕەوی ئاوەدانکردنەوەدا، دەنگ نادەین بە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک محەمەد حەلبوسی."  

 

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (26ی ئەیلوولی 2022) ڕایگەیاند، بڕیاری پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکە بەتەنها لەلایەن خۆیەوە دراوە و لەگەڵ کەسیشدا گفتوگۆی لەسەر نەکردووە.  

  

حەلبوسی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا چەند کاتژمێرێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی (26ی ئەیلوولی 2022) ڕایگەیاند، "بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمان لە ٢20 ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت بەڵام سەرۆکوەزیران پێشنیاری دواخستنی کرد"، و ئاشکرایکرد کە "داواکەی کازمی بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی لە ترسی هەر حاڵەتێکی لەناکاو بووە."  

  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەم لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانێتییەکەمدا تاوتوێ نەكردووە، هەروەها لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان باسم لە هاوپەیمانی سیادە نەكردووە".  

  

حەلبوسی ئاشکراشیکرد کە یەكێك لە هۆكارەكانی دەستلەكاركێشانەوەکەی بەهۆی گۆڕانکاریی بووە لە زۆرینەوە بۆ سازان.  

  

وتیشی، "پێكهاتەی ناو پەرلەمان گۆڕاوە، هەر پەرلەمانتارێك مافی ئەوەی هەیە بۆچونی خۆی بدات لەبارەی سەرۆكەكەیەوە، دەستلەکارکێشانەنوەکەشم دانیشتنی پەرلەمان پەكناخات."  

  

ناوبراو ڕەتیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی "پەیوەندی بە پەیامی سیاسییەوە هەبێت."