کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوانین عیراق هەڵسێت بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی دەرهەق بە پارێزگای هەڵەبجە و بایەخی پیبدات و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی خەڵک و ژینگەکەی بکاتەوە.
ئەمڕۆ یادی 31 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکیدا تایبەت بەو یادە ڕایگەیاند: "کیمیابارانیکردنی هەڵەبجە، لەسەر دەستی ڕژیمی پێشووی عێراق وێڕای شههید بوونى پێنج هەزار هاوڵاتیی بێتاوان، هەزارانی دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێکەوته و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن".
لەو ڕاگەیانراوەدا حکومەتی هەرێم جەختدەکاتەوە لەسەر "بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاترى هەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت".
"چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە هەموو جۆرە بایەخپێدانێک لهگهڵ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەک و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق" لە نێو ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتوە.