گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەى پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی: ئێستاش سوورین

2022.09.24 - 09:39
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەى پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی: ئێستاش سوورین

ناس کورد-

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەى پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی ڕایگەیاند، "سورین لەسەر رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین، بەڵام هەرگیز لەگەڵ یاسایەكدا نابین دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (24ی ئەیلولی 2022) دەڵیت، "لە بنەڕەتدا پێشنیازە یاساكە خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بووە".

 

دەقی ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی
هەمواری یاسای توندو تیژیی خێزانی، کاردانەوەو گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆی دا هێناوە. ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی پەرلەمانیمان لەسەر ئەم هەموارکردنەوەیە، بەمجۆرەیە:
١- هەمیشە روون و راستگۆ بووینە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە جەختدەکەینەوە کە سورین لەسەر رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین. لەگەڵ ئەوەشدا بروای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکتر.
٢- بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە. توند و تیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کەلتوری کوردەواری رەسەنن و لەو پیناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن.
٣- مێژووی کوردستان پڕە لە نموونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا. ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لە پێناوی دا خەبات دەکات. کوردستانێک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە فراکسیۆنەکەمان هەمیشە لەم پێناوەدا کاردەکات، سەرباری ئەوەی دووپاتی دەکەینەوە ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرین. بۆیە، ئەگەر گومانێک هەبێت لە ھەر هەنگاوێک، یان پێشنیازە یاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی. بۆیە داواکارین لەبەر ڕۆشنایی ئەو پابەندبونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە.
فراکسیۆنی یەکیتی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٣/ ٩/ ٢٠٢٢