گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێخۆشبوونی سەر باج ’’سیولە لە بانکەکان زیاد دەکات’’

2022.09.21 - 19:38
App store icon Play store icon Play store icon
لێخۆشبوونی سەر باج ’’سیولە لە بانکەکان زیاد دەکات’’

ناس کورد-

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانوبەرەی میری رایگەیاند، بریارى درێژکردنەوەى لێخۆشبوون لەسەر باج بووەتە هۆى ئەوەى بڕێک سیولە لە بانکەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی باجەوە زیاد بکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی عەبدولڕەحمان بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند ''لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان، خەڵکێکی زۆر نەیاندەتوانی ئەو باجەی لەسەریانە بیدەنەوە، بۆیە ساڵانەش ئەگەر باج نەدرێت بڕی سزاو سوود زیاد دەکات، ئه‌وه‌بوو لەسەر داواکاری ئێمە و وەزارەتی دارایی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بە بڕیاری ژمارە (156) لە 15ی حوزەیرانی 2022، بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەر بڕی سزا و سوودی سەر باجدەران دا.''

 

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بابەتە دوو دیوی هەیە، دیوێکیان ئەوەیە کەس ناتوانێت خۆی لە باج بدزێتەوە و بڵێت باج نادەم، چونکە ئەگەر باجدەرەکە بشمرێت ئەوا دەبێت میراتگرەکانی بڕی  باجەکە بدەنەوە، بۆیە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەوە خەڵکیان ئاگادار کردەوە کە بێن بۆ ئەوەی باجەکەیان بدەن و ئەم لێخۆشبوونە بیانگرێتەوە.

 

 عەلی عەبدولڕەحمان باسى لەوەشکرد، "دیوێکی دیکە ئەوەیە کە توانیومانە بڕێک سیولە لە بانکەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی باجەوە زیاد بکەین، ئەوەش کارێکی گرنگ بووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری بەو کارە هەڵساوە و جێبەجێی کردووە، لە پێشتر بانکەکان و گەنجینەکان سیولەیەکی ئەوتۆی تێدا نەبوو بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە ئەوانەی قەرزداربوون و لە ساڵانی پێشتر باجیان لەسەر بوو بێن باجەکانیان بدەن و لەو سزا و سووەی کەوتبووە سەریان رزگاریان بێت و  لەو بڕیارە سوودمەند بن.''

 

سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە تایبەت لە لێخۆشبوون لە سزاو سووی دواکەوتنی ساڵانەی سەر باج کە بۆ ماوەی مانگێک درێژكراوه‌ته‌وه،‌ جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانوبەرەی میری وتی ''ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەبێت، کە تەنیا ئەو باجه‌ ده‌دات کە ساڵانە لەسەری دەکەوێت، ئەم لێخۆشبوونە 100٪ لەسەر سزای دواکەوتن و سووی سەر بڕی باجەکە دەبێت.''

 

له‌ باره‌ی پێشوازی هاووڵاتیان له‌و بڕیاره‌، عەلی عەبدولڕەحمان دەڵێت ''لە ماوەی ئەو سێ مانگەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری باجدەر سەردانی ئێمەیان کردووە و بەراورد بە ڕابردوو ڕێژەکە زۆر زیادی کردووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک باش بە دەم ئەم بڕیارەی حکومەتەوە هاتوون و دەیانەوێت لەم بڕیارە سوودمەند بن.''