گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو ئەگەر

شرۆڤە: شیعەكانی هاوئاهەنگی دوو بەرەن و دوو سیناریۆش چاوەڕێی عێراق دەكات 

2022.09.20 - 22:05
App store icon Play store icon Play store icon
شرۆڤە: شیعەكانی هاوئاهەنگی دوو بەرەن و دوو سیناریۆش چاوەڕێی عێراق دەكات 

ناس كورد-

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی مەراسیمی "زیارەتی چلەی ئیمام حسێن" ئاگربەستی ناچاریی نێوان سەدر و لایەنە شیعەكانیش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی و ڕانەگەیەنراو كۆتایی هات، لە ئێستاشدا لایەنە شیعەكانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون و بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی سیاسی عێراقیش كەوتووەتە دوو ڕێیانێك كە بەڕووی دوو ئەگەردا كراوەیە، ئەمەش بەگوێرەی شرۆڤەیەك كە ماڵپەڕی پێنووس. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شرۆڤەی ماڵپەڕەكەی "خانەی هزری كوردستان" كە "یاسین تەها" نووسیویەتی و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (20_9_2022) باس لەوە دەكات لە نوێترین پێشهاتی عێراقدا "چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی شیعە" لەناو خۆیاندا بوونەتە دوو جەمسەر؛ لەم دابەشبوونە نوێیەدا بەزەقی مالیكی و خەزعەلی لە لایەكن، عامری و عەبادی و هەندێكی تر لە هێزە شیعەكان لە لاكەی تر و تەوەری ناكۆكییەكەشیان لەبارەی هێشتنەوەی "مستەفا كازمی"یە بۆ ویلایەتی دووەم كە بووەتە كێشەیەكی ناوخۆیی بۆ چوارچێوە شیعییەكە. ئەمەش چەند بڕگەیەكە لە شرۆڤەكە: 

 

ناكۆكی لەسەر كازمی 

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان ئەم دابەشبوونە زیاتر پەیوەندیی بە هاتنەسەرهێڵی كەسایەتییەكی حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە بە ناوی "محمد الكوثراني" كە بەڕەچەڵەك نەجەفییە؛ لە ئێستایشدا بەرپرسی دۆسیەی عێراقە لە حزبە شیعە لوبنانییە كاریگەرەكه‌. هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە كەوسەرانی لەگەڵ باڵێكی تری ناو شیعەكان لەگەڵ مانەوەی مستەفا كازمییە بۆ قۆناغێكی ڕاگوزەری نوێ، بەتایبەت كە ئەمە ئێستا بووەتە داواكارییەكی سەدر  و لەگەڵ میزاجی گشتیی ئێرانییەكانیشدا دژ نییە؛ لە بەرامبەر ئەمەشدا باڵەكەی تر كە مالیكی و خەزعەلین بەشێوەیەكی زەق دژی ئەم بژاردەیە دەوەستنەوە.

 

سەدرییەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی بەرەنگاری چوارچێوەی هه‌ماهەنگی ببنەوە؛ هيچ پەلەی ئەوەیشیان نییە بچنە دانوستان لەگەڵیان، بەتایبەت پاش ئەو خوێنەی شەوەكەی كۆتاییی ئابی 2022 كەوتە نێوان خۆپیشاندەرە سەدرییەكان و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە باڵە سیاسییەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگییەوە.

 

ئەگەرچی لە پاش بێهوایییەكانی ئەم دوایییە، دڵشكاو و بریندار دەردەكەون، بەڵام هێشتا لەوەدا سەركەوتوون كە نەیانهێشتووە ڕكابەرەكانیان ئیشیان لەبەر بڕوات و، ئەوەتا پاش سێ مانگ لە كشانەوەی فراكسیۆنی سەدریش لە پەرلەمان، نە حكوومەت پێك هێنراوە و نە پەرلەمانیش دانیشتنی گرێ داوە. بەمەیش بڕوایەكی وەها دروست بووە، بەبێ سەدر هیچ هەنگاوێكی پرۆسەی سیاسی ناچێتە پێشەوە.



پرۆژەی سەدر و پرۆژەی شیعە دژبەرەكانی

لە پاش كشانەوە لە پەرلەمان، هەموو هەوڵ و كۆششی سەدرییەكان لانی كەم بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەیە بۆ ناو پرۆسە سیاسییەكە، بە هێز و سەنگی جارانەوە، ئەگەر بەهێزتریش نەبێت. ئەم گەڕانەوەیەیش تەنیا لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە دەبێت كە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت، ئەگەرنا دەبێت تا ساڵی 2025 چاوەڕوان بن كە وادەی یاساییی هەڵبژاردنی داهاتووە؛ ئەمەیش بۆ سەدرییەكان قورسە و بەرگەی ئەو دابڕانە درێژە لە پەرلەمان ناگرن. بەرنامەی ئاشكراكراوی سەدرییەكانیش لە ئێستادا بەڕوونی هێشتنەوەی سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و وەزیران و دەستپێكردنی قۆناغێكی ڕاگوزەری كورتە، کە ئەركی ئەم قۆناغەیش بە ڕێكخستنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە دیاری كراوە، ئەم خواستەی سەدریش لای بەشێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپی چەكداری شیعە  قبوڵكراو نییە، بەتایبەت بڕگەی هێشتنەوەی كازمی لە پۆستەكەی.  لەناو ئەو لایەنانەشدا نووری مالیكی لە هەموویان توندترە و بێمنەت لە سەدر خۆی دەردەخات و پێی وایە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئیتر نۆرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە حكوومەتی دڵخوازی خۆیان دروست بكات و، پاش ئەوە بە ئیسراحەتی خۆیان دێنە سەر ئەگەری جێبەجێكردنی خواستەكانی سەدر. 



ناكۆكییە شاراوەكانی نێو دوو بەرە سەرەكییەكەی شیعە

ئەگەرچی ناكۆكییەكانی شیعە لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، بەڕواڵەت لەبارەی سەرۆكی حكوومەت و شێوازی قۆناغی ڕاگوزەری نوێیە، بەڵام هەندێك خاڵ و تەوەرە هەن كرۆكی ناكۆكییە شاراوەكان پێك دەهێنن، لەوانەیش: یاسای نوێی هەڵبژاردن، هەروەها دەستكاریكردن و هەمواركردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن. ئەم دوو خاڵەیش كە پێشهاتی نوێی قۆناغی ڕاگوزەری داهاتوون، بۆ سەدرییەكان زۆر گرنگ و جێگە بایەخن بۆ مسۆگەركردنی گەڕانەوەیەكی بەهێز. جگە لەوەیش ئەركی حكوومەتی نوێ جگە لە هەڵبژاردن، ئامادەكردنی بوودجەی 2023 دەبێت؛ ئەمەیش لە كاتێكدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە پارەی زۆر دەڕژێتە خەزێنەی عێراقەوە. هەر لەم نێوه‌یشدا خەمڵاندنی شارەزایانی ئابووری و دارایی باس لەوە دەكەن تا كۆتاییی 2022 سەرڕێژی بوودجە بگاتە 50 ترلیۆن دینار.. هەر كەس و لایەنێكیش كۆنترۆڵی حكوومەتی داهاتوو بكات، چانس و دەرفەتی ئەوەی دەبێت زۆرترین دەسكەوت بچنێتەوە لە ڕێگه‌ی ئەو لیژنە ئابوورییانەی حزبەكان هەیانە لەسەر هەمان ڕێچكەی ساڵانی ڕابردوو كە بوودجەی گشتی سەرچاوەی گەشەكردن و دەوڵەمەندبوونی كۆمپانیا حزبییەكان بووە. 

 

ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكانی ململانێی هێزەكانی شیعە

بە گوێرەی پێدراوە سیاسییەكانی ئەم دوایییە، بارودۆخی عێراق و ڕەوشی ململانێی ناوخۆییی شیعەكان بەرەو دوو ئاراستەی سەرەكی دەڕۆن كە دەكرێت بەم جۆرە كورت بكرێنەوە:

 

یەكەم: ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەقام و سەرهەڵدانەوەی گرژی

 

ئەو ئاگربەست و ئۆقرەیییەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەبوو، بەرمەبنای هیچ ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی و چارەسەرێكی سیاسی نەبوو، بۆیە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ڕۆژانی پیرۆزی شیعە (زیارەتی چلەی ئیمام حسێن) و گەڕانەوەی زیارەتكاران بۆ زێدی خۆیان، ئەگەری جووڵاندنەوەی شەقام بە ڕێژەیەك هەر هەیە. ئەمەیش ئەو كاتە زیاتر دەركەوت كە سەدر لە یەكەم پەیامی سیاسی پاش كۆتاییهاتنی "زیارەتی چلە" بەبێ هۆكار كەوتە ستایشكردنی بنكە جەماوەرییەكەی خۆی وەك ئەوەی بۆ قۆناغێكی نوێی بەرەنگاربوونەوە ئامادەیان بكات؛ بەتایبەت كە سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرین لەبەر دەرگه‌یە. زۆر باسی ئەوەیش هەیە جموجۆڵێكی جەماوەریی هاوبەشی سەدرییەكان و هەندێك لەوانەی خۆیان بە نوێنەری تشرین دەزانن، لە سەرەتاكانی مانگی داهاتوو (تشرینی یەكەمی 2022) بەرپا بكرێت. ئەم سیناریۆیە كە ڕێگەتێچووە، لە حاڵەتی نەگەیشتنە ڕێككەوتندا ڕوو دەدات؛ هەروەها بە واتای گەڕانەوەیش دێت بۆ مەترسییەكانی پێكدادانی سنوورداری هێزە شیعەكان و دووبارەبوونەوەی خوێنڕشتنەكەی ناوچەی سەوز تا ئەو كاتەی زیاتر هەردوو لا وەڕەس دەبن و مل بۆ چارەسەرێكی مامناوەند كەچ دەكەن، ئەڵبەت پاش ئەوەی كارتێكەرەكانی دۆخی عێراقیش دێنە سەرهێڵ (تاران، واشنتۆن، سیستانی، گوشاری شیعی).

 

دووەم: ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی ڕاگوزەری

ئەم ئەگەرەیش خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی و دەستوورییانەی پەرلەماندا دەبینێتەوە بە گوێرەی ماددەی 64ی دەستوور، پاش ئەوەی دادگه‌ی فیدراڵی نەخشەڕێی هەڵوەشاندنی پەرلەمانی یەكلایی كردەوە. بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش، دەبێت حكوومەتێكی ڕاگوزەر دروست بكرێت كە تەمەنی دەووروبەری ساڵ و نیوێك بێت. شێوازی ئەو حكوومەتە و سەرۆكایەتییەكەیشی، هێشتا جێگەی مشتومڕی سەختە و چەند كارتێكەرێك كە ڕەنگە دەرەكی بن، ڕۆڵیان دەبێت لە یەكلاییكردنەوەی. ئەم ئەگەری دووەمە، لە سیناریۆی یەكەم ڕێتێچووتر و نزیكترە، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار: سڵەمینەوەی لایەنە شیعەكان لە بەریەككەوتنی چەكداری پاش كوژرانی نزیكەی 50 كەس لە یەك شەوی پێكدادانی كۆتاییی ئابی 2022 لە ناوچەی سەوز، وەڕەسبوونی هەردوو لای كێشەكە لە درێژەكێشانی ململانێكان، هاتنەسەرهێڵی بەهێزی ئەمریكا (باربارا لیف) و توركیا (هاكان فیدان) و ئامادەییی بەردەوامی ئێرانییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر (ئیسماعیل قائانی و كەوسەرانی لوبنانی). لەم سیناریۆیەدا دەرچەیەك بۆ هێوركردنەوەی سەدر بە هیوای گەڕانەوە دەدۆزرێتەوە؛ لایەنەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعەیش لە تارمایی و مۆتەكەی "حكوومەتی زۆرینەی سەدری"، قوتاریان دەبێت و ناكۆكییە بنەڕەتی و قورسەكان دوا دەكەون بۆ خولی شەشەم و، لانی كەم نزیكەی دوو ساڵ گرژی و ململانێ گەورەكان دوا دەخرێن، چونكە هیچ گه‌رەنتییەك نییە لە پاش هەڵبژاردنی گریمانكراوی ئاییندەیش هەمان بارودۆخی ئێستا و هەمان جەمسەرگیری لە نێوان شیعە دووبارە نەبێته‌وه‌.