ناس کورد-
فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی لەکارەکەى دورخستەوە، تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لەرووداوى گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی رۆژنامەى "همشهرى" ئێران، بە فەرمانی سەردار ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران، عەقید میرزایی، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی تاران تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لە ڕەهەندەکانی گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى دەکرێت لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
سەردار رەحیمی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى "لە بنکەی پۆلیسی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییە و هاوکارانی راوێژکار لە هۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لە بەر جل وبەرگی بێ حیجاب بانگ کراونەتە بنکەکە و رێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن".
وتیشی "مەهسا ئەمینی لە گەڵ سێ کچ و دوو پیاودا لە پارکی تاڵەقانی لە تاران لە حاڵی پیاسە کردن بوون کە پۆلیسی ئەمنیەت ئەخلاقی چاوی پێیان دەکەوێت و پێیان دەڵێت کە دەبێ جلوبەرگیان بە گوێرەی یاسا رێکوپێک بکەن و بێ حیجاب نەبن".
"سێ کەس لەو خانمانە هەر لەوێ جلەکانیان رێک دەکەن بەڵام مەهسا ئەمینی دەگواسترێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی تاکوو بەشداریی پێبکرێت لە کۆرێکی فێرکاری حیجاب و پۆلیس دەڵێت یەکێک بروات و جلوبەرگی شیاو و لەبار بهێنێت بۆ خانمی ئەمینی و دوای فێرکاری یاسایی رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە".
سەردار رەحیمی وتیشى "پێنج خانمی دیکە و هاوکارێکی ئێمەش لەناو ئۆتۆمبێلى پۆلیسدا بوونە و ئەوانیش لەگەڵیا براونەتە بنکەی پۆلیس و پێش دەستپێکردنی خولی فێرکاری هەر بەو جۆرە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارە، مەهسا ئەمینی پرسیارێکی لە خانمە هاوکارێکمان کردووە و لە کاتی قسە کردن لە گەڵ ئەودا حاڵی تێکدەچێت و پۆلیس بە پەلە گواستیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و ئەهلی، بەهیچ شێوەیەک ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە و دەبێ چاوەروانی راپۆرتی پۆلیسی دادوەری بین".
رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو (16-9-2022) بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخى بێهۆشى، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.
بنەماڵەی ئەمینی هەواڵی گیان لەدەستدانی کچەکەیان پشتڕاست کردەوە.
ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکراو گوازرایەوە بۆ زیندانى وزەرای ئەو شارە.
یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ زیندان باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.