گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جێگری فەرماندەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی چەندین نهێنی ئاشکرا دەکات

2022.09.17 - 16:48
App store icon Play store icon Play store icon
جێگری فەرماندەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی چەندین نهێنی ئاشکرا دەکات

 

ناس کورد-

جێگری فەرماندەی ھێزی کۆماندۆی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند نهێنییەک لەسەر کارەکانیان لە سلێمانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت،زەوییە داگیرکراوەکانی شارەوانیی سلێمانی، کەسانی پلەباڵایان لەپشتەوەیە، دەشڵێت، پێشتر چەندین ئۆتۆمبێلی جامڕەش کە خۆیان بە بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ناساندووە، کاتێک پشکنینان بۆ کراوە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان بابەتی قەدەغەکراو ھەبووە، وەک دەرمانی قاچاخ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موقەدەم دیار عومەر، جێگری فەرماندەی ھێزی کۆماندۆی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پارتی (شەممە 17-9-2022) لەبارەی چاکسازییەکان لە سلێمانی و ڕەخنەگرتن لە هێزەکانی کۆماندۆ، ڕایگەیاند، " لەلایەن ھەر کەسێکەوە چاکسازی بکرێت، ئەو کەسانەی لەو چاکسازییە زەرەرمەند دەبن، بێگومان دەکەونە رەخنەگرتن و ئاستەنگ دروستکردن، بۆیە ئەمەش شتێکی ئاساییە، جگە لەوەش کەسێک لەم بابەتە زەرەرمەند بێت، ئەوا بە ھەر شێوازێک بۆی بلوێ و بتوانێت ھەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە دەدات، یان رێگریی لێ دەکات و ناشیرینی دەکات، بەڵام ئێمە بە گرنگی نازانین و بەگشتی ئەو خەڵکانەمان بۆ گرنگە، کە مافیان بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە ئێمە توانیومانە مافەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە." 

 

هاوکات لەسەر ھەڵوێستی ھێزی کۆماندۆ بەرامبەر ئەو پەرلەمانتار و ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە سەردانی مەرزی پەروێزخان کردبوو، موقەدەم دیار عومەر دەڵێت، "ئەوە حاڵەتێک بوو خەتاکە لە خۆیان بوو، چونکە ئامادە نەبوون پابەند بن بە یاساکانی بازگەکەوە، چونکە ئەو بازگەیە فەرمییە و پێشتریش چەندین ئۆتۆمبێلی جامڕەش، کە خۆیان بە بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ناساندووە، کاتێک پشکنینان بۆ کراوە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان بابەتی قەدەغەکراو ھەبووە، وەک دەرمانی قاچاخ، کە نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم ھیچ دەرمانێک بێت و قەدەغەیە، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە فەرمانمان بۆ ھاتووە، کە ھەر ئۆتۆمبێلێک دێت، جا ھی ھەر بەپرسێک بێت، بەوپەڕی ڕێزەوە پێی دەگوترێ جامەکان دابگرە و ئەگەر سندووقیشی ھەبێت پێیان دەڵێین سندووقەکە با ببینین و سەیری دەکەین، ئەگەر ئەو شتانەی قەدەغەکراون وەک مادەی ھۆشبەر، چەک، دەرمانی قاچاخی تێیدا نەبێت، ئەوا بەڕێی دەکەین و نایەڵین لە ئۆتۆمبێلیش دابەزن، بۆ ئەوەی ھەست بە ئیھانە نەکەن، جا ئەو کەسانە لە ھەر بەرپرسیارێتی و لەنێو ھەر حزب و لایەنێکدا بن، ئێمە سەربازین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و پەیوەندیمان بە بابەتی سیاسییەوە نییە." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو کەسانە لەو شوێنەدا ئەوپەڕی رێزیان لێ گیراوە، بەڵام پەرلەمانتارەکە خۆی لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە و میلی دەمانچەی ھێناوەتەوە و پاسەوانەکەیشی میلی چەکی لە کارمەندەکانی ئێمە ھێناوەتەوە، بۆیە کاتێک لە ئەرکی فەرمیدا بیت، مافێکی شەرعیتە کەسێک رووی چەکی لێ کردی وەڵامی بدەیەوە، بۆیە لەم بابەتەدا شتەکە دیارە و دەتوانن بڕۆن لە خەڵکی گەرمیان بپرسن، کە ئەو کەسانە کێن؟ ناوبانگیان لەنێو خەڵکدا چۆنە؟ ئاخۆ دەستیان لە گەندەڵی و داگیرکردنی پرۆژەی خەڵک گلاوە؟ دەمەوێ بڵێم پەرلەمانتارەکان ھەمووی پاک و باش نین، خەڵكی خراپیشیان تێدایە." 

 

هاوکات لەبارەی قاچاخچێتی لە دەروازەی پەروێزخان، بەرپرسەکەی کۆماندۆ باسی لەوەکردووە، "ناڵێم قاچاخچێتی بنبڕ کراوە، بەڵام رێژەکە زۆر کەمی کردووە، ئێمە کۆمەڵێک بەڵگە و دیکۆمێنتمان لەلایە، کە چەندین باری قاچاخ لە دەرمانی ماوەبەسەرچوو، خۆراکی منداڵان و ھی دیکەی بەبێ رێکەوت، گۆشت، جگەر بەبێ رێکەوت، جگە لەوەش گاز و بەنزین و کۆمەڵێک شتی زۆرمان گرتووە، کە کاری نایاسایی و قاچاخن و دەھێنرێنە ھەرێم و گیراون و بە بەڵگەوە رادەستی حکوومەتمان کردوون." 

 

هەروەها لەسەر پرسی داگیرکاریی زەوییەکانی سلێمانی، موقەدەم دیار عەمەر دەڵیت، "لەسەر ئەو پرسە خەڵکێکی زۆر دەستگیرکراوە، چ فەرمانبەری حکومەت، چ دەڵال و ژمارەیەکی کەسی دیکە، بەڵام بەداخەوە بەرپرسی باڵای تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بڵێم زەوی و شتی داگیرکراو بگەڕێنینەوە، چونکە شتەکە زۆر لەوە گەورەترە، بەڵام توانیومانە ئەو پرۆسەی گەندەڵییە رابگرین، ئەوەش بە شایەدیی شارەوانیی سلێمانی." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داگیرکردنی زەوی و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی دەوڵەت بە کەسی ئاسایی ناکرێت، دڵنیاین خەڵکی دەستڕۆیشتووی گەورەی لەپشتە، ئیدی لە بەرپرسی حکوومی، یان حزبی بێت، ئەوانە دەبێت بگیرێن، بەڵام جارێ لێپێچینەوە بەرامبەر ئەو کەسانەی ناویان ھاتووەتە نێو بابەتەکان نەکراوە، دەبێت بە بەڵگەوە ئەو شتانە ببرێتە پێش دادوەر و ئەو بڕیاری لەسەر بدات، تا فەرمانی گرتنی بۆ بدرێ، چونکە تا دادگا فەرمانی گرتنی بۆ دەرنەکات، ئێمە ناتوانین بیگرین."