گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

نیویۆرك تایمز: تەندروستى خامنەیی ناجێگیرە و لەسەر جێگا کەوتووە

2022.09.16 - 22:28
App store icon Play store icon Play store icon
نیویۆرك تایمز: تەندروستى خامنەیی ناجێگیرە و لەسەر جێگا کەوتووە

ناس کورد-

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵاى ئیسلامی ئێران تووشی نەخۆشی بووە و لەم دواییانەشدا باری تەندروستی خراپ بووەو لەژێر چاودێری پزیشكەكاندا لە جێگادا دەمێنێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەكە بە پشتبەستن بە 4 سەرچاوەی ئاگادار پشتڕاستی كردووەتەوە كە خامنەیی هەفتەی رابردوو سەرجەم چالاكییە گشتییەكانی هەڵوەشاندەوە، بەهۆی نەخۆشی سەختەوە، ئێستاش لە ژێر چاودێری تیمێكی پزیشكان لە سەر جێگاكەی پشوو دەدات.

 

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە خامنەیی تەمەن ٨٣ ساڵ هەفتەی ڕابردوو نەشتەرگەری بۆ کراوە، بە هۆی گیرانی ڕیخۆڵە، دوای ئەوەی تووشی ئازارێکی توندی گەدە بووە و پلەی گەرمی بەرز بووە.

 

بەپێی سەرچاوەكان، عەلی خامنەیی لە ئێستادا بە درێژایی کات لەژێر چاودێری پزیشكیدایە، بەو پێیەی هەفتەی رابردوو باری تەندروستی بە "خراپ" دادەنرا، بەڵام باشتر بووە و لە ئێستادا لە جێگاكەدا پشوو دەدات، بەڵام پزیشكان هەر لە خەمی تەندروستیدا ماونەتەوە.

 

هەفتەی رابردوو نووسینگەی خامنەیی سەرجەم كۆبوونەوەكانی هەڵوەشاندەوە، لەوانە كۆبوونەوەیەكی ساڵانەی گرنگ لەگەڵ مەجلیسی پسپۆڕان، كە دوای مردنی جێنشینێك هەڵدەبژێرێت و رێبەرەكەش ئەوەندە نەخۆش بووە كە نەیتوانیوە دابنیشێت، بەپێی سەرچاوەكان.

 

پێشتر راپۆرته‌كانی ئێران ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردبوو كه‌ هێشتا نادڵنیایی له‌ باره‌ی ته‌ندروستی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری مه‌زنی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام نه‌بوونی له‌ هیچ چالاكییه‌ك.

 

هەروەها ئەندامی مەجلیسی کارناسانی ئێران، هاشم هاشم زادە حەریسی، پێشتر ڕایگەیاندبوو "ئەندامانی مەجلیسی کارناسان بۆ ئاسانکاری و بۆ بەفیڕۆ نەدانی کاتەکانی، چاویان بە ڕێبەر نەکەوتووە"، بەوەش قسە و باسەکانى سەبارەت بە تێکچوونی باری تەندروستی ناوبراو پەرەی سەند.

 

خامنەیی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت، نەشتەرگەری شێرپەنجەی پرۆستاتی بۆ کراوە.

 

پێشتر میدیاکانی ئێران هۆشدارییان دابوو لە وەسیەتکردنی جێنشینی رێبەری ئێران، بۆ موجتەبا خامنەیی کوڕی.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر قسە و باس لە ئێران لە بازنەی سیاسی و میدیادا بڵاوبووەتەوە، سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن موجتەبا خامنەیی یەوە.