گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵاوسان و پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران 

ڕاپۆرتێك: ڕۆن بەرزترین و چا كەمترین هەڵاوسانی تۆماركردووە لە كوردستان 

2022.09.16 - 14:06
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێك: ڕۆن بەرزترین و چا كەمترین هەڵاوسانی تۆماركردووە لە كوردستان 

ناس كورد_ 

 

راپۆرتێكی زانستی ئاشكرای دەكات چوار هۆكار كاریگەرییان هەیە لەسەر بەرزركردنەوەی ئاستی هەڵاوسان لە هەرێمی كوردستان كە رێژەی بەرزی تۆماركردووە لە مانگەكانی ڕابردوودا، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە پەیوەندی راستەوخۆ هەیە لەنێوان دیاردەی هەڵاوسان و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاپۆرتەكەی گۆڤاری "ئایندەناسی" كە "سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی" دەری دەكات و لە ژمارە 14ی ئه‌یلولی2022 دا بڵاوكراوەتەوە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات لەبەر ئەوەى کوردستان هێشتا هەرێمێکە لە عێراق و هەر جۆرە کێشەیەکی ئابوورى ڕوو لە عێراق بکات، کوردستانیش ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکەى بەر دەکەوێت. 

 

لە ڕاپۆرتەكەدا كە هەڵگرانی ماستەر لە ئابووری "بورهان عەلی محەمەد" و "نەبەرد عەبدوڵا شەریف" ئامادەیان كردووە، ئەوە خراوەتەڕوو  دابەزاندنى بەهای دینارى عێراقی بەرانبەر بە دراوەکانى تر لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، بە بیانووى پڕکردنەوەى کورتهێنان و ڕزگارکردنى ئابووریى عێراق، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکانى بەرز کردەوە لە عێراق و هەرێم، چونکە زۆربەى کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و نرخى کاڵاى هاوردەش بەگشتى بە دۆلارە، ئەمەش نرخێکى زیاتر دەکەوێت لەسەر هاوڵاتى و سەرئەنجام هەڵئاوسانى نرخەکانى لێ کەوتەوە.

 

هەروەها باس لەوەش دەكات پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران باکگراوندێکى ئابووریى هەیە و ئەوەش بە هۆکارى ئەوەى ئابووریى وڵات ساڵانە ڕێژەیەکى هەڵاوسان تۆمار دەکات و سەرئەنجام بەپلەبەندى نرخی کاڵا و خزمەتگوزارى بەرز دەبێتەوە. بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە، پلە بەرزکردنەوە تا ڕادەیەک هاوکار و یارمەتىدەرێکى باشە بۆ فەرمانبەرەکە. حکومەتى هەرێم لە ساڵى 2017دا پلە بەرزکردنەوەى ڕاگرتووە و ژمارەى ئەوانەى مووچە لە حکومەتى هەرێم وەک کەرتى گشتى وەردەگرن، زۆر زیاترە لەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەى دیارى کراوە، بە مانایەکى تر: بەشێکى باش لە هاوڵاتییان ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە مانگانە وەرىدەگرن و داهاتیان دیارىکراوە، ئەوانەشى داهاتیان دیاریکراوە، هەڵاوسان زیاتر کاریگەرى دەکاتە سەریان.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە کۆرۆنا وەک چۆن کاریگەریى کردە سەر زۆربەى وڵاتان بە نەرێنى، ئەم کاریگەرییە خراپتر لەسەر ئابووریى کوردستان کەوتووە، چونکە زۆربەى کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکات و بەئاسانى دەکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو هەڵئاوسانەى لە ڕێگەى هاوردەوە دەگوازرێتەوە. 

 

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، دیاردەى قۆرغکارى بۆ کاڵاکان یەکێکە لە دیاردە زەق و ئاشکراکان لە کوردستان، تایبەتکردنى هێنانى کاڵایەک بۆ کەسێکى بازرگان یان کۆمپانیایەک، ئەوانیش لەبەر نەبوونى كێبڕكێكار هەر نرخێکیان بوێ دەتوانن بیسەپێنن و بازاڕیش بۆ ئەو کاڵایە قۆرغ بکەن، سەرئەنجام بەرزبوونەوەى پێشبینىنەکراو لە کاڵاى قۆرغکاردا دێتە ئاراوە، چونکە لایەنى قۆرغکار ئامانجى بەدەستهێنانى زۆرترین قازانجە و لە ڕێگەى سەپاندنى نرخى بەرز بە ئامانجەکەى دەگات.

 

لە ڕاپۆرتەكەدا كۆمەڵێك داتا وەرگیراوە کە جیاوازیى نرخ لە ئێستا و لە پێشوو دەردەخات، کە ئاستى گشتیى نرخەکان بۆ هەر کاڵایەکى پێویست چۆن زیادى کردووە. ئەو کاڵایانەى وەک نموونە وەرگیراون، بە شێوەى مەیدانى بریتین لە: (ڕۆن، برنج، شەکر، چا، شیر، دۆشاوی تەماتە، پاککەرەوەکان، کلێنس، دایبی، قەیسی، هەڵووژە، ئاوی دەبەى سلێمانى لەگەڵ شەربەت). ئەگەر لە وێنەکە بڕوانین، نرخی ڕۆن 200% زیادى کردووە، ئەمەش ماناى ئەوەیە نرخى ڕۆن دووقات زیادی کردووە بە بەراورد بە نرخى پێشووى. نرخى برنجیش هاوشێوەى کاڵاکانى تر زیادى کردووە بە ڕێژەى 40% لەچاو نرخى پێشووى و نرخى شەکریش نیوەى نرخى پێشووى زیادى کردووە کە (50%)یە. ئەوەى تێبینیى کراوە لەنێو هەموو کاڵاکان کە کەمترین بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە چایە، یەک کیسە چای کەپس لە 5 هەزارەوە بووە بە 5250 دیناری عێراقى.

 

شیرى قوتووى منداڵ (ئەو شیرانەى کە بەزۆرى لە کوردستان بەکار دەهێنرێن)، نرخیان لە 5 هەزارەوە زیادى کردووە بۆ ٧ هەزار دینار و بەنزیکەى 40% زیادى کردووە. نرخى دۆشاوی تەماتە بە ڕێژەى 100% زیادى کردووە، پاککەرەوەکان لە 50% و کلێنس 75% و دایبى 40%. تێبینییەکى گرنگ لەسەر نرخى قەیسی کە بەرزترین ڕێژەى تۆمار کردووە لەچاو نرخى پێشووى، نرخى یەک کیلۆ قەیسى لە 2500 دینارەوە زیادى کردووە بۆ 8 هەزار دینار، ئایا هۆکارەکەى زۆریى خواست و کەمیى خستەڕووى ئەو کاڵایەیە، یان هۆکارى قۆرغکارییە، یان هۆکارى تر لەپشت ئەم فڕینى نرخەوە هەیە؟ ئەوەیان نەزانراوە! نرخى هەڵووژەى وشک هاوشێوەى قەیسى بەرز بووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکى کەمتر و نرخەکەى لە 1.5 بۆ ٤ هەزار دینار بەرز بووەتەوە. بۆ هەر کارتۆنێک ئاو، ٥٠٠ دینار چووەتە سەرى. زۆر جار هۆکارەکەى بۆ زیادبوونى نرخى ماددە سەرەتاییەکانى و گرانکردنى نرخى کارەباى شوێنى بەرهەمهێنانەکان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ هۆکارى تریش وەک: (زیادبوونى نرخى کرێ، زیادبوونى نرخى گواستنەوە، زیادبوونى نرخى ئامێرەکان… هتد). کۆتا نرخى کاڵا وەرمانگرتووە، شەربەتى سەنکویک 20% زیادى کردووە، بە جۆرێک لە 5 هەزارەوە بووە بە 6 هەزار دینار.

 

لە كۆتاییدا ڕاپۆرتەكە دەگاتە ئەو ئەنجامەی هەڵاوسان بە شێوەیەکى مەترسىیدار بەرز بووەتەوە لە کوردستان و پێویستى بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویستى خێرا هەیە، ئەویش ئەو کاڵایانەى کە لە دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتن، هەوڵ بدرێت ڕێژەکەیان زیاتر بکرێت و هانى كێبڕكێكار بدرێت و ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وەبەرهێنەران لە ناوخۆ بەرهەمى بهێنن، بۆ ئەوەى لە هەڵئاوسانى دەرەکى بپارێزرێین. 

 

هەروەها پێشنیاری ئەوە دەكات ئەگەر لە توانادا نییە كاڵاكان لە ناوخۆ بەرهەم بهێنرێت، هەوڵ بدرێت یەک بازرگان یان یەک لایەن نەبێت و ڕێگە بۆ هەمووان خۆش بکرێت بە ئامانجى دروستکردنى كێبڕكێ و لانى کەم ڕاگرتنى نرخەکەى. بەرزکردنەوەى پلەى وەزیفى دەست پێ بکاتەوە، بە ئامانجى ئەوەى هەڵاوسان لەسەر ئەو چینەی داهاتى دیاریکراوە کەم بکرێتەوە، یارمەتیدانى وەبەرهێنەرى ناوخۆ و پشتیوانیکردنى، بە ئامانجى زیادکردنى بەرهەم و لە پێناو بەرەنگاریى ئەو خواستە بەرزەى هەیە بۆ ئەوەى هاوسنگى بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ.