ناس کورد-
هاوسەرى خۆکوژى فەرەنسی"سامی ئەمیمور" کە یەکێکە لە ئەنجامدەرانی هێرشی "باتاکلان" لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٥، لەگەڵ سێ منداڵەکەی لە کەمپێک کە لەلایەن هێزە کوردییەکانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت گەڕێنرانەوە فەڕەنسا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی میدیاکانى فەڕەنسا، "كاهینا" (25 ساڵ) لە 5ی تەمموزی 2022 گەڕێنراوەتەوە فەرەنسا و دەستبەجێ بە تۆمەتی پیلانگێڕی تیرۆریستی تۆمەتبار كراوە و دەستبەسەرکراوە پێش دادگایی كردنى.
سامی ئەمیمور ئەندامی ئەو تیمە خۆکوژییە بوو کە لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا بەناو باتاکلاندا لەفەڕەنسا دەسوڕانەوە و دەیان کەسیان کوشت. لە زنجیرەیەک ئیمەیڵدا چەند هەفتەیەک دوای هێرشەکە، کاهێنا وتی "زۆر شانازی بە هاوسەرەکەمەوە دەکەم و ئەویش شایەنیەتی. ئازیزم، زۆر دڵخۆشم".
هەروەها لە نامەیەکدا بۆ کەسێکى نزیکى هاوسەری پێشووی نووسیویەتی، "ئایا تۆ تووشی شۆک بوویت لە هێرشەکان؟ ئەمە زۆر پێکەنیناوییە. یەکێک لە خۆکوژەکانی باتاکلان هاوسەرەکەمە، سامی ئەمیمور، سوپاس بۆ خوا خۆی تەقاندەوە".
لە دوایین ئیمەیڵدا، کیل بەردەوام بوو لە سەرسامبوون بە هاوسەرەکەى و وتویەتى "من هەر لەسەرەتاوە دەمزانی و هانی هاوسەرەکەمم دەدا کە بڕوات بۆ ئەوەی گەلی فەرەنسا تیرۆر بکات، جارێکی دیکە هیچ شتێک وەک خۆی نابێتەوە، ئیرەیی بە هاوسەرەکەم دەبەم. زۆر ویستم لەگەڵیدا بم تا خۆشم بتەقێنمەوە."
سێ منداڵەکەی ئەو ژنە لە نزیک پاریس لە ژێر چاودێری خێزانێکی بەخێوکەردا دانراون و لەو کاتەوە خراونەتە ژێر چارەسەرى دەروونییەوە.