ناس کورد-
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، تەنها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان ڕاستەوخۆ دەچنە کۆنگرە، ئەوانەی دیکە هەمووی بە هەڵبژاردن دەبنە نوێنەری کۆنگرە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەجات حەسەن (13-9-2022) بە پێگەى فەرمى حزبەکەى وت ''لە ئاکرێ یەک بازنە ماوە هەڵبژاردن تەواو بیت و لە لقی یەکی پارتی لە دهۆک پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکرێت و لە کەرکوک هەڵبژاردن لە لقی 3ی پارتی کۆتاییی هاتووە و سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکوک هەڵبژاردن دەکات".
وتیشى "دواتر پرۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایەش کۆتایی دێت و لە پارێزگای سلێمانییش پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوامە و لە سنووری لقی 12ی پارتییش لە هەڵەبجە هەڵبژاردن بەردەوامە، لە ناوچەکانی سەیدسادق و ناڵپارێز و پێنجوێن و لە ئەورووپاش هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و باش بەردەوامە.''
حەسەن ڕوونیشیکردەوە ''ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی مەکتەبە ناوەندییەکانیش لە هەردوو بازنەی مەکتەبی سیاسی و کارگێڕی و داراییی مەکتەبی سیاسی پارتی بەڕێوە چوو کە ئەوە هەڵبژاردنی کادیری مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی کارگێڕی و داراییە، بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسانی لق ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆنگرە دەکەن بەبێ هەڵبژاردن.''