ناس کورد-
حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کەم بوونەوەی سەرپێچییەکان کارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم (12-9-2022) لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە هەشت هەزار سەرپێچی کارەبا لە هەرێم تۆمار کراون، چوار هەزار و 596 سەرپێچی تەنیا لە پێوەری زیرەک بووە، کە 29 دۆسیەیان ڕادەستی دادگا کراون.
دەقى راگەیەنراوەکە:
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، لە کۆبوونەوەیەکی فراوان دا دوای دەست بەکاربوونی، کە بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبای پاڕێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەژدار بوون بریاری دا کار بکرێت بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆری کارەبای نیشتیمانی و چاوپۆشی لە هیچ لایەن و کەسایەتییەک نەکرێت.
لەو کاتەوە بریارەکە چووەتە بواری جێیبەجێ کردن و توانراوە بڕێکی باش کارەبای بەفیرۆ چوو بگەرێنرێتەوە ناو تۆرەکانی کارەبای نیشتیمانی و بووەتە هۆی زیاد بوونی پێدانی ماوەکانی کارەبا بە هاوبەشان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاری دا چاکسازی لە تەواوی ئەو سێکتەرانە بکات کە دەبێتە هۆی باشتر خزمەت کردنی هاووڵاتییان و نەمانی گەندەڵی و سەرپێچی کارانیش بداتە دادگا.
لە ئێستاش دا بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف بەڕێوە بچێت، وەزارەتی کارەبا لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت خشتەی سزا و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، کە بەم جۆرەی خوارەوە بووە:
لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە هەشت هەزار سەرپێچی لە سەرانسەری هەرێم تۆمار کراون، چوار هەزار و ٥٩٦ سەرپێچی تەنیا لە پێوەری زیرەک بووە، کە ٢٩ دۆسیەیان ڕادەستی دادگا کراون.