گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پارتی باس لە دوو ڕێگا دەکات بۆ گەڕانەوەی سەدر بۆ گفتوگۆکان

2022.09.12 - 12:44
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی باس لە دوو ڕێگا دەکات بۆ گەڕانەوەی سەدر بۆ گفتوگۆکان

ناس کورد-

 

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق دەکات و دەشڵێت، دوو رێگا ھەیە بۆ بۆ گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ گفتوگۆکان یان ئەوەتا بەفشاری دەرەکی یان ناوخۆیی قایل بکرێن بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان (دووشەممە 12-9-2022) ڕایگەیاند، "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیەن رێگای دەستووری و یاسایی ببردرێت و گرفتمان نییە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دەبێت ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بکرێت و گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان بە تویتەر و پۆستی فەیسبووک ناکرێت، دەبێت دانیشتن و گفتوگۆ بکرێت و میساقێک ھەبێت بەوەی کە دەچینە ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەلایەن لایەنەکانەوە قبوڵکراوە یان نا، ھەروەھا دەبێت دەرئەنجامەکان قبوڵ بکرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە ھاوکێشەکەدا بێت نەک دونیا پشت لە عێراق بکات تۆش پێتوابێت شەرعیەت ئەوەیە کە دەتەوێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھێشتا دیارنییە لایەنی سەدری بەشداری کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن یان نا بۆ ئەوەی ئەوان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان، واتا دوو رێگا ھەیە یان ئەوەتا بەفشاری دەرەکی یان ناوخۆیی قایل بکرێن بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەکان، ھەروەھا ئەوان چەند مەرجێکیان ھەیە یەکێک لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە کە تا ئێستا ھیچ لایەنێک دژی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبووە، بەڵام ئەمە دەبێت رێچکەی قانوونی بۆ بدۆزرێتەوە و زووتر دەگەنە ئەو ئامانجە".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریەکی ھەبوو، بەڵام ئەو شەڕەی بەغدای بەسەرداھات، ھەروەھا خۆشمان دەزانین ھەموو دەستپێشخەریەکانی عێراق لە ھەولێرەوە دەردەچێت، بۆیە ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆک بۆ ئەم دۆخەی عێراق گرنگە و ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆکەوە ھەبێت دووبارە دۆخەکە ھەمووی دەگۆرێت".

 

ڤیان دەخیل باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر بەم شێوە عێراق بمێنێتەوە مەترسی دروست دەکات، ناکرێت دۆخەکە بەردەوام بێت، چونکە رەنگە ئەو کاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستپێشخەری بکات تائێستا دەستپێشخەریان نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە گەیشتە پێکدادان ئەوان رەنگە دەستپێشخەری بکەن، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی عێراق چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە".

 

جەختیشی کردووەتەوە، "تا ئێستا بەربژێرمان وەک پارتی بەفەرمیی رێبەر ئەحمەدە، بەڵام دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن لەوبارەوە".