ناس کورد-
سەرۆکى ئەنجومەنى گشتیی راژە بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بەرێوەبەرى گشتى پەرەپێدانى کارگێرى لە ئەنجومەنى گشتى راژە، پێشوازی لە ژمارەیەک هەڵگرى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا کرد و سەبارەت بە بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا گفتوگۆیان کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان (دووشەممە 12-9-2022) رایگهیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی 7ـ9-2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ئاڕاستەی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە بکرێت، تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندییدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن، ڕۆژى یەکشەممە 11-9-2022، سیراج بارزانی، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتی راژە بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بەرێوەبەرى گشتى پەرەپێدانى کارگێڕى لە ئەنجوومەنى گشتى راژە، پێشوازی لە ژمارەیەک هەڵگرى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتى راژە دڵنیایى دا بە ئامادەبووان کە بابەتى هەڵگرانى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا لەلایەن ئەنجومەنى گشتی راژەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سەر بنەماى زانستى و پێداویستى و پسپۆرى هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.