ناس کورد-
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادەی سوننەکان گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی (11ی ئەیلولی 2022)، لە کۆبوونەوەکەدا "دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستووری و یاساییەكان تاوتوێ كرا. ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت."
دەشڵێت، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت. جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە."
"هەردوولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هەموو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان بكات،" بارەگای بارزانی وا دەڵێت.
باسی لەوەشکردووە کە "هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات."