ناس کورد-
دادگای تاوانەكانی سلێمانی یەك بڕیاری دا بە ئازادكردنی تۆمەتباری سەرەكی بكوژی دوو خوشكەكەی قەزای چەمچەماڵ كە باوكیانە، ئەوەش لە دانیشتنێكی دادگاكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەچوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژی 9ی ئەیلوی 2020، پۆلیسی چەمچەماڵ تەرمی دوو خوشك (ئاوارە 19 ساڵ و هێلین 17ساڵ)، لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان دەرهێنایەوە. ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان. هەر ئەوكات دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ باوكیان دەركرد و وەكو تۆمەتباری سەرەكی ناساندی.
لەوبارەیەوە پارێزەرێك لە دادگای سلێمانی كە ئاگاداری دانیشتنەكەیە (یەکشەممە 11-9-2022) بە "ناس کورد"ی وت "ئەمڕۆ دوایین رۆژی دانیشتنی دادگا بووە لەسەر ئەو كەیسە و دادوەری دانیشتنەكە بڕیاری دا بە بێتاوانی تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە و ئازادی كرد كە باوكیانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی بەڵگەکان ئەو کەسە کە باوکی دوو کچەکە بووە، هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە، بۆیە ئازاد کراوە."
تۆمەتباری سەرەكی كە دەكاتە باوكیان، لە 30ی ئاداری 2021 خۆی رادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی تەرمی كچەكانی.
دواتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی خۆ رادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكی، ڕایگەیاند، "(ف، ح، ش) لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە".
شوێنەواری فیشەك بە جەستەی ئەو دوو خوشكەوە بوو، دوای توێكاری بۆ تەرمەكانیان لەلایەن ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ و بە ئامادەبونی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چالاكوانانی ژنان لە گۆڕستانێكی چەمچەماڵدا بە خاكسپێردران.