ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 40مەتری کاتێک مەفرەزەکانی هاتووچۆی هەولێر خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان بوون لە دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلی نایاسایی، خاوەنی یەکێک لە ماتۆڕسکیلەکان هەلی قۆستەوە و خۆی گەیاندە ناو ماتۆڕسکیلەکان و ئاگری لە دوو ماتۆڕسکیل بەردا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا (11ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، "کەسەکە لەلایەن مەفرەزەکانی هاتووچۆ دەستگیر کرا و درایە پۆلیس بۆئەوەی ڕێکاری یاسایی لەگەڵی بگیرێتەبەر".
"لێرەوە بۆ هەمووانی ڕووندەکەینەوە کەوا ئێمە وەکو هاتووچۆ کێشەمان لەگەڵ بونی ماتۆرسکیل نییە و ماتۆرسکیل هۆیەکی گواستنەوەیە هاوشێوەی هۆیەکانی تری گواستنەوە، بەڵام کێشەمان لەگەڵ بوونە نایاساییەکەیانە کەسەرجەمیان بێ تابلۆن و تۆمارناکرێن، چونکە بەشێوەی نایاسایی هاتونەتە هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی بەڕێزمان دەکەین کەوا خۆیان بەدووربگرن لە کڕین و بەکارهێنانی ئەمجۆرە ماتۆرسکیلانە"، بەڕێوەبەرایەتییەکە وا دەڵێت.
هەروەها داوا دەکات "لە کاتی لێخوڕینی ماتۆرسکیلی یاسایی و تۆمارکراویش، دەبێت مۆڵەتی لێخوڕینی تایبەت بە ماتۆرسکیلیان هەبێت."