ناس کورد-
مەلا یاسین مەحمود، خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز، لەبارەی هەواڵی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە و قوباد تاڵەبانی دڵنیایی پێداوە کە پشتیوانیی هەنگاوەکانی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 10-9-2022، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە "لەسەر شکستهێنانی 16 پڕۆژەی نیشتەجێبوون و فرۆشتنەوەی مۆڵەت، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ مەلا یاسین مەحمود، وەبەرهێن و وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەرکراوە."
لەوبارەیەوە مەلا یاسین، بە ڕووداوی وتووە، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە، هەندێک کەس دژی هەنگاو و هەڵوێستەکانمانن و نایانەوێت ئارامی لە سلێمانیدا هەبێت."
مەلا یاسین کە هاوکات خاوەنی کۆمپانیای بەڕێزە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە وەبەرهێنین و کەشێکی ئاراممان دەوێت بۆ سلێمانی، دیارە کەسانێک دژی ئەوەن و پڕوپاگەندە دژی کۆمپانیاکەمان و خودی خۆم بڵاودەکەنەوە."
باسی لەوەشکردووە، "ئەمڕۆ جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەکردم و جەختیکردەوە کە پشتیوانی هەنگاوەکانمانە، منیش هەر پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانم بۆ پشتیوانیکردنی وەبەرهێنان و هەنگاوەکانی چاکسازیی."