ناس کورد-
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاند، چاوەڕوانی وەزیری پەروەردەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و وەزیریش پێی راگەیاندوون کە چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، دەشڵێت، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن، خوێندنی ئەمساڵ پەک دەخەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان (شەممە 10-9-2022) ڕایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەم کردووە و دەڵێت، چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ بڕیاردان لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی وانەبێژان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان وتووە، "وەکو هەنگاوی یەکەم دەتوانن بە گرێبەست دامانبمەزرێنن تاوەکو باری دارایی حکومەت باشتر دەبێت و دواتر بمانکەن بە هەمیشەیی.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداریشی دا، " بەگشتی تاوەکو مانگی 10 چاوەڕوانی حکومەت دەکەین و داواکانمان جێبەجێ نەبێت، بایکۆتی سەرەتاسەری رادەگەیەنین".
باسی لەوەشکرد، "ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار مامۆستایە، وانەبێژان 20%ی کۆی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن و ئەگەر بایکۆت بکەن، پڕۆسەی خوێندن بەتایبەت لە دەرەوەی شارەکان پەکی دەکەوێت."