ناس کورد-
بانکی ناوەندیی ھەرێم لە سلێمانی پلانێکی نوێی بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینان هەیە و بەگوێرەی پلانەکە، موچەی تەواوی خانەنشینان لەچەند مۆڵێک دابەش دەکرێت کە بەپێی کۆد و ژمارەی ناسنامەی خانەنشینان جیاکراونەتەوە و لەماوەی شەش ڕۆژدا پرۆسەکە ئەنجامدەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
میدیای فەرمیی یەکێتی (پێنجشەممە 8-9-2022) لەزاری سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی ھەرێم، بڵاویکردەوە، ٨٦ ھەزار خانەنشین لەسنوری پارێزگای سلێمانی مووچە وەردەگرن و لەئێستادا مووچەی تەواو بۆ خانەنشینانی مەدەنی بەبێ کێشە تەرخانکراوە ھاوکات بانکی ناوەندی سلێمانیش لەڕێگەی چەند ڕێوشوێنێکەوە کێشەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی چارەسەردەکات، ھەروەھا موچەی تەواوی خانەنشینان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ھەر مووچەخۆرێک لەھەر شوێنێک بێت دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەمەودوا ھەوڵی تەواو دەدرێت خانەنشینان لەبەر خۆر و سەرما و گەرما نەوەستن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان و لەشوێنی شیاو و بەبێ دروستبونی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ مووچەکانیان وەرگرن، جگە لەوەش لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی ڕێککەوتون لەکاتی وەرگرتنی مووچە چەند خزمەتگوزاریەک پێشکەش بەخانەنشینان بکرێت وەک پشکنینی فشاری خوێن و شەکرە و چاو و چەند پشکنینێکی تری تەندروستی."