ناس کورد-
وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و موچەیان تاوتوێکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، وەزیرى دارایی رایگەیاندووە، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و کارئاسانی لەبەردەم ھاوڵاتیانیش بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبوانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆدەبێتەوە
وەزیری دارایی و ئابوری بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و بۆ ئەومەبەستەش لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە کۆبوەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/٩/٨ بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، ھاوشێوەی ماوەکانی ڕابردوو بەمەبەستی بەدواداچونی مەیدانی بۆ گرفتە دارایی و کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی شارەکە کۆبووەوە.
لەو کۆبونەوەدا کە لە بینای شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری دوای گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیارەکانی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و موچەی موچەخۆران و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشکرد ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و کارئاسانی لەبەردەم ھاوڵاتیانیش بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبوانەی کە لە ماوەی ڕابردوو بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.