ناس کورد-
پسپۆڕێکى دەستورى رایگەیاند، دەبوو دادگاى فیدراڵى لە بڕیارەکەیدا لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان جەختی بکردایەتەوە کە لەبەرئەوەی پەرلەمان پێشێلی ماوە دەستوریەکانی کردووە گەیشتووەتە بنبەست و ھیچ دەرچەیەکی نییە جگە لە خۆھەڵوەشاندنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەتیف مستەفا پسپۆڕى یاسایی و دەستورى (7-9-2022) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "بڕیاری دادگای فیدراڵی راستە کە دەڵێت دەسەڵاتی ھەلوەشاندنەوەی پەرلەمانمان نییە و دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەدەستی خۆیدایە بەگوێرەی مادەی ٦٤ لە دەستور".
دەشڵێت "بەڵام مادام پەرلەمان سەرپێچی و پێشێلی زەقی دەستوری کردووەو تەجاوزی ماوە دەستوریەکانی کردوە و دادگا خۆشی دانی بەم راستیەدا داناوە، دەبوایە بریارەکەی وابوایە ؛- دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەدەستی ئێمەدا نییە، بەڵام لەبەرئەوەی پەرلەمان پێشێلی ماوە دەستوریەکانی کردووە ئیتر دەسەڵاتی نەماوە ھیچ بڕیارێک یان یاسایەک دەربکات و ھەر بریارێک یان یاسایەک دەربکات نادەستوریەو قابیل بە تانەلێدان و ھەلوەشاندنەوەیە و بەمەش پەرلەمان گەیشتووەتە بنبەستوو ھیچ دەرچەیەکی نیە جگە لەوەی خۆی ھەڵوەشێنێتەوە".
دادگای فیدڕاڵیی عێراق (7ی ئەیلولی 2022) داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەتکردەوە.
دەقی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق:
1- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای هەڵبژاردنیان، تەنها نوێنەرایەتی خۆیان و لایەنە سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن کە بۆی هەڵبژێردراون، کە ئەمەش بەرژەوەندی خەڵکە.
2- سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بەوەیە هەمووان پابەندبن بە بڕگەكانی دەستوور و سەرپێچی نەکەن، هەروەها نابێت هیچ دەسەڵاتێك بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی ماوە دەستوورییەكان تا كاتێكی نادیار، چونكە ئەمە پێشێلكردنی دەستوور و رووخاندنی تەواوی پرۆسەی سیاسی و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان.
3- سزای پەرلەمان لەكاتی جێبەجێنەكردنی ئەركی دەستورییانەی خۆی هەڵوەشاندنەوەیەتی لەكاتی هەبوونی پاساودا.
4- دەستووری كۆماری عێراق کە ساڵی 2005 نوسراوە میكانیزمی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پێی بڕگەكانی ماددەی (64/یەکەم)ی داڕشتووە.
5- دەسەڵاتی دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی بە ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.
6- دەستووری كۆماری عێراق كەمتەرخەمی نەكردووە لە ڕێكخستنی بڕگەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەربۆیە هیچ بوارێك نییە بۆ جێبەجێكردنی تیۆری نەهێشتنی دەستوور.